وەزارەتی بەرگریی سعودیە: ڕێگریمان لە ژمارەیەک هێرشی درۆنی کرد

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
حکومەتی سعودییە سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکان دەکات بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی
حکومەتی سعودییە سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکان دەکات بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی

وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشكرایکرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان رێگریی لە ژمارەیەک درۆن کردووە کە لە عێراقەوە هەڵدراوە.

تێکشکاندنی ژمارەیەک درۆن

وەزارەتی بەرگریی سعودییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە چەند کاتژمێری ڕابردوو ژمارەیەک درۆنییان تێکشکاندووە.

هەوڵدان بۆ کردنە ئامانجی دامەزراوە نەوتییەکان

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، لە هێرشەکاندا هەوڵدراوە دامەزراوە نەوتییەکانی هەر یەک لە شەرقییە و ریاز لە سعودییە بە ئامانج بگیرێت.

"درۆنەکان لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەکراون"

لیوا روکن تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگریی سعودییە ڕایگەیاند، درۆنەکان لە خاکی عێراقەوە هاتوون و هێرشەکان لەلایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران ئەنجامدراون.

هەر لە ڕاگەیێنراوەکە هاتووە، سعودییە مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی و تواناکانی بکات و لە کات و شوێنی گونجاویش وەڵامی ئەم هێرشانە بداتەوە.

سەردانی چاوەڕوانکراوی زەیدی بۆ سعودیە

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژى پێنجشەممە دەچێتە سعودییە و لەگەڵ شازادەى ئەو وڵاتە و بەرپرسانى باڵا گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات دەکەن.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا