دوای ڤەنزوێلا چادیش لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەکشێتەوە
دوای ئەوەی ڤەنزوێلا لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە 'لاهای' کشایەوە وڵاتی چادیش ڕایگەیاند، پلانیان هەیە لە دادگاکە بکشێنەوە. ئەمەش دوای دوو ڕۆژ دێت لە دوورخستنەوەی کەریم خان لە پۆستی سەرۆکی داواکاری گشتیی دادگاکە، بە تۆمەتی هەڵسوکەوتی سێکسی.
بڕیارەکە دەرئەنجامی پێداچوونەوەی قووڵە بە کارکردنی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان
سەرۆکایەتیی حکومەتی چاد لە ڕاگەیێنراێکدا جەختیان لەوە کردووەتەوە، ئەم بڕیارە دەرئەنجامی پێداچوونەوەی قووڵە بە کارکردنی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی 2002ەوە، هەروەها تۆمارەکەی کە "کاریگەرییەکی سنووردار و نایەکسانی لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکاندا هەیە".
بڕیارەکەی ڤەنزویلا وابەستە بوو بە سکاڵاکەی تایبەت بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران
ئەمەش دوای سێ ڕۆژ دێت لە بڕیاری حکومەتی ڤەنزوێلا بۆ کشانەوە لە دادگاکە، کە پەرلەمانی وڵاتەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی پاردا بە کۆی دەنگ پەسەندی کرد. بڕیارەکەی ڤەنزوێلا وابەستە بوو بەو سکاڵایەی دژ بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ڤەنزوێلا لە ساڵی 2014دا پێشکەش کرابوو، هەروەها ئەو تاوانە گوماناوییانەی دژ بە مرۆڤایەتی، کە لە سەردەمی حکومەتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی لەکارلادراوی ڤەنزوێلادا ئەنجامدراون.
لایەنگری جوگرافیایی دادگاکە
بەڵام حکومەتی ڤەنزوێلا بۆچوونی وایە دادگاکە لایەنگریی کردووە و دەشڵێن: "کردەوەکانی دادگاکە ڕەنگدانەوەی لایەنگرییەکی جوگرافیاییە، کە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی بەسەر وڵاتانی ئەفریقا و ئەمریکای لاتیندا پەیڕەوی دەکەن".
123 وڵات وەک ئەندامی دادگاکە دەمێننەوە
دوای کشانەوەی ڤەنزوێلا و چاد، 123 وڵات وەکو ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەمێننەوە، لە ناویاندا بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ژاپۆن و بەڕازیل.
هیچکام لە وڵاتانی ئەمریکا، ئێران، تورکیا، عێراق و ئیسرائیل ئەندام نین لەم دادگا نێودەوڵەتییەدا.
1 کاتژمێر پێش ئێستا