جەعفەر زاملی: زەیدی بۆ پرسی وزە و ئاو سەردانی تورکیا دەکات
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی وزە و ئاو سەردانی تورکیا دەکات.
بەردانەوەی ئاو لە تورکیاوە زیاتر بووە
جەعفەر زاملی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، بەردانەوەی ئاو بەروارد بە ڕابردوو زیاتر بووە، کێشەی ئاو لەنێوان عێراق و تورکیا بەرەو چارەسەر بوون دەچێت.
ئیمزاکردنی لێکتێگەیشتنی لە نێوان تورکیاو عێراق لەسەر پرسی کارەبا
لە درێژەی قسەکانیدا جەعفەر زاملی گوتی "لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تورکیا گفتوگۆ لەسەر پرسی وزە و ئاو دەکات، سەبارەت بە پرسی وزە لەئێستادا گرفتی کەمیی کارەبامان هەیە، چونکە کارەبا کاری لە پێشینەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە و هەوڵدەدات لەوبارەیەوە لەگەڵ تورکیا لێکتیگەیشتن واژۆ بکات لەسەر کارەبا، سەبارەت بە پرسی ئاو، لەماوەی ڕابردوودا بەردانەوەی ئاو بەروارد بە ڕابردوو زیاتر بووە، بۆچوونم وایە ئەو پرسە بەرەو چارەسەر بوون دەچێت".
پرسی ئاو دەبێت یەکەم دۆسییەی زەیدی بێت لە تورکیا
لە لایەکی دیکەوە مونا غوڕابی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران دەربارەی سەردانەکە ڕایگەیاند، پێویستە لەگەڵ ئەنقەرە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن، بە تایبەت دۆسییەی ئاو.
مانەوەی دۆسییەکان بە چارەسەرنەکراوی
مونا غوڕابی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی گوت، پێشتریش سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق سەردانی وڵاتانی وەک ئەمریکا، ئێران و تورکیایان کردووە، بەڵام دۆسییەکان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.
گوتیشی، یەکەم دۆسییە و سەرەکیترین دۆسییە پێویستە زەیدی لەگەڵ تورکیا گفتوگۆی لەسەر بکات، دۆسییەی ئاوە، چونکە تورکیا ئاو وەک دۆسییەیەکی هاوبەش نابینێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا