بە فەرمانى زەیدی لێکۆڵینەوە لەو هێرشانەی کراونەتەسەر سعودیە دەکرێت
عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییانە دەکات، کە سعودیە بانگەشەى ئەوە دەکات لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەى وڵاتەکەى کراوە.
لێکۆڵینەوە لە ڕاگەیێنراوی وەزارەتی بەرگری سعودیە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کردووە، لێکۆڵینەوە لەو ڕاگەیێنراوەی وەزارەتی بەرگریی سعودیە بکەن، کە باسلەوە دەکات، لە ڕێگەی درۆنەوە لە خاکی عێراقەوە وڵاتەکەیان کراوەتە ئامانج.
جەختکردنەوە لە پابەندبوون بە بنەمای دراوسێتی
زەیدی جەختلەوە دەکاتەوە، حکومەتی عێراق بەگوێرەى دەستوور پابەندە بە بنەمای دراوسێتی باش و ڕێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاکەکەی وەک دەروازەیەک بۆ دەستدرێژی بۆسەر وڵاتانی دراوسێ.
گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژی بە ئەنجامدەری هێرشەکان
هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوە لەو بەڵگە و زانیارییانە دەکەن و ڕێکاری یاسایی دژی هەر کەسێک دەگرنەبەر، کە ئەو کارانە ئەنجامبدات و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەربکەوێت تێوەگلاون.
جەختیکردنەوە لە پەیوەندی قوڵ و برایەتی لەگەڵ سعودیە
حکومەتی عێراق جەختلەوە دەکاتەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعودیە، پەیوەندیی برایەتی قووڵ و چەسپێنراوە، لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندی و هاوبەش و دراوسێتی باش، ڕێگەنادەن هیچ هەوڵێک ئەو پەیوەندییە تێکبدات و زیانی پێبگەیێنێت.
کارکردن بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی عێراق
هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا جەختلەوە کراوەتەوە، بەهەموو تواناوە کار بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق و بەهێزترکردنی سەروەرەییەکەی دەکەن، لەگەڵ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی عەرەبی دەوروبەر.
ئەم بڕیارەى فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند، بە درۆن لە عێراقەوە هێرشکراوەتەسەر دامەزراوە نەوتییەکانیان و بەرپەرچی هێرشەکان دراوەتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا