سەباح نوعمان: سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر سعوودیە لە خاکی عێراقەوە بکرێت

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق
سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی فەرمانی بە لایەنە ئەمنییەکان کردووە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکەن کە باس لە بەئامانجگرتنی سعوودیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە خاکی عێراقەوە دەکات.

سەرۆکوەزیران فەرمانی بە لایەنە ئەمنییەکان کردووە

سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تەممووزی 2026، فەرمانی بە لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوە بکەن لەو بابەتەی لە بەیاننامەی وەزارەتی بەرگریی شانشینی عەرەبستانی سعوودیەدا هاتووە، سەبارەت بە بەئامانجگرتنی شانشینەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە بەپێی زانیارییەکانی لایەنی سعوودی لە خاکی عێراقەوە ئەنجامدراوە.

پابەندبوونی دەستووریی عێراق بە دراوسێیەتی باش

حکومەتی عێراق پابەندبوونی دەستووری و نەگۆڕی خۆی بە بنەماکانی دراوسێیەتیی باش دووپات دەکاتەوە، هەروەها ڕێگە نادات بە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک ڕێڕەو یان بنکەیەک بۆ هەر پەلامارێک کە وڵاتانی برای یان دۆست بکاتە ئامانج.

گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەپێی ئەنجامەکان

سەباح نوعمان ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت لە ئێستادا بەدواداچوون بۆ بەڵگە و زانیارییەکان دەکات و بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگرێتەبەر کە تێوەگلانی لەو جۆرە کارانەدا بسەلمێندرێت.

پەیوەندیی پتەوی نێوان هەردوو وڵات

حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعوودیەدا پەیوەندییەکی برایانەی پتەو و قووڵە، کە لەسەر بنەمای ڕێزی یەکتر، بەرژەوەندیی هاوبەش و بنەماکانی دراوسێیەتی باش دامەزراوە، بۆیە ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادات کە زیان بەم پەیوەندییە بگەیەنێت.

پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و سەقامگیریی هەرێمی

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە عێراق بەردەوام دەبێت لە کارکردن بەوپەڕی تووندوتۆڵییەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و بەهێزکردنی سەروەرییەکەی، هاوکات کار دەکات بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی دەوروبەری عەرەبی و هەرێمایەتییەکەی.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا