سوپاسالاری پێشوو بووەتە ڕکابەری سەرەکی نەتانیاهوو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا

شێوە عومەر 1 کاتژمێر پێش ئێستا
گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل وەک ڕکابەری سەرەکی نەتانیاهوو
گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل وەک ڕکابەری سەرەکی نەتانیاهوو

لەکاتێکدا ئیسرائیل بەرەو هەڵبژاردنێکی سەخت لە 27ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەنگاو دەنێت، سوپاسالاری پێشوو، بووەتە ڕکابەرێکی سەرەکی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.

کاتێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکردایەتیی داهاتووی وڵاتەکەی

دەرکەوتنی گادی ئایزنکۆت، سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیل وەکو ڕکابەری سەرۆکوەزیرانی ئێستا، لە کاتێکی یەکلاکەرەوەدایە بۆ سەرکردایەتیی داهاتووی وڵاتەکە.

هەڵبژاردن وەک ڕێفراندۆمێک بۆ مانەوە یاخود دوورخستنەوەی نەتانیاهوو

هەڵبژاردنی گشتی ئەم جارەی ئیسرائیل وەکو ڕیفراندۆمێک دەبینرێت بۆ مانەوە یاخود دوورخستنەوەی بنیامین نەتانیاهوو، بەتایبەتی دوای شکستهێنان لە ڕاگرتنی هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر و هەڵگیرسانی جەنگی غەززە.

پێشبينی کورسییەکانی پارتەکەی ئایزنکۆت لە کێنێسێت

ڕاپرسییەکی ئەم دواییەی کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، ئاشکرایکردووە پارتە نوێکەی ئایزنکۆت بەناوی "یەشار" لە پێش پارتی لیکودی نەتانیاهووەوە دێت، بە بەدەستهێنانی 23 کورسی، بەرامبەر 22 کورسی، لە کۆی 120 کورسی کێنێسێت.

هەمان ڕاپرسی دەریخستووە، 43%ـی بەشداربووان، ئایزنکۆتی تەمەن 66 ساڵیان بە گونجاوترین بەربژێرى سەرۆکوەزیران داناوە، بە بەراورد بە 34% بۆ نەتانیاهوو.

سیاسەتی ئایزنکۆت لە بەرامبەر پرسە گرنگەکان

ئایزنکۆت کە دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات و پشتگیری ئۆپراسیۆنی سەربازی لە لوبنان دەکات، هەڵمەتەکەی لەسەر بنەمای پلاتفۆرمێکی 10 خاڵی بونیادناوە کە بە وتەی خۆی ئاسایش و یەکڕیزی بۆ دامەزراوەکانی ئیسرائیل دەگەڕێنێتەوە.

پەرەپێدەرانی ستراتیجییەکی سەربازی مشتومڕاوی

ئایزنکۆت، لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ 2019، سوپاسالاری ئیسرائیل بوو، یەکێک بووە لە پەرەپێدەرانی ستراتیجییەکی سەربازی مشتومڕاوی بەناوی "زاحیە" کە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و سزای بەکۆمەڵ لەخۆدەگرێت و ناوەکەی لە زاحیەی بەیرووتەوە وەرگیراوە، کە بارەگای سەرەکی حیزبوڵایە.

کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی حەماس

لە سەرەوەی بەرنامەکەیدا، بەڵێنێک هەیە بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینەوە، سەبارەت بە هێرشەکەی حەماس لە ساڵی 2023، کە وایکرد حکومەتەکەی نەتانیاهوو بە شکستهێنان تۆمەتبار بکرێت.

هەروەها ئایزنکۆت بەڵێنی ستراتیجی نوێی ئاسایشی نیشتمانی دەدات کە ئامانجی بەهێزکردنی سوپا و پتەوکردنی سنوورەکانی ئیسرائیلە.

بەڵێنەکانی ئایزنکۆت لە هەڵبژاردن

بەڵێنیشی داوە "پارێزگاری لە سەربەخۆیی دادوەری، سەروەریی یاسا، مافی کەمینەکان و ڕۆژنامەگەرییەکی ئازاد بکات"، کەمپەینەکەی ئایزنکۆت دەڵێت، "لە ڕێگەی ئەم هەنگاوانەوە، دڵنیا دەبینەوە کە ئیسرائیل دەوڵەتێکی جوو، دیموکراتی، بەهێز، پێشکەوتوو و پارێزراوە."

بەڵام، هەڵوێستی گشتیی ئاینزکۆت لەسەر ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین، هێشتا بە ڕوونی دیار نییە.

ئایزنکۆت، کە تاوەکو ڕادەیەک نوێیە لە سیاسەتدا، هاوسۆزییەکی بەرفراوانی جەماوەریی بەدەستهێناوە دوای ئەوەی کوڕەکەی و دوو برازای لە کاتی شەڕکردندا لە غەززە کوژران.

شێوە عومەر

1 کاتژمێر پێش ئێستا