دیپلۆماسیی چڕ لەنێوان بەغداد و ئەنقەرە؛ داهاتووی نەوت و ئاو چییان لێدێت؟

شۆڕش محەمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
عێراق لەگەڵ تورکیا دۆسیەکانی نەوت و ئاو یەکلایی دەکاتەوە
عێراق لەگەڵ تورکیا دۆسیەکانی نەوت و ئاو یەکلایی دەکاتەوە

پاش زنجیرەیەک سەردانی چڕی دیپلۆماسی لە نێوان بەغداد، هەولێر و ئەنقەرە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەشتێکی فەرمی بۆ تورکیا ئەنجام دەدات بۆ یەکلاکردنەوەی چەند دۆسیەیەکی هەستیار.

سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ تورکیا

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژی سێشەممە دەگاتە تورکیا و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. ئەم سەردانە تەواوکاریی ئەو کۆبوونەوانەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراون و بڕیارە تێیدا کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەی نوێ واژۆ بکرێن.

دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان چەندین سەردانیان بۆ ئەنقەرە و ئیستانبوڵ ئەنجامداوە. لە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاکان فیدان کۆبووەوە. هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 9ـی ئایاری 2026 لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە. لە نوێترین جوڵەی دیپلۆماسیشدا، ڕۆژی 3ـی تەمموز، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.

سەردانی بەرپرسانی تورکیا بۆ عێراق و هەرێم

بەرپرسانی تورکیاش بە چڕی سەردانی بەغداد و هەولێریان کردووە. لە تشرینی یەکەمی 2025، عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا لە بەغداد ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکانیان بە بەهای 36.5 ملیار دۆلار پڕۆژەیان لە عێراق جێبەجێ کردووە. پاشان هاکان فیدان لە تشرینی دووەمی 2025 سەردانی بەغدادی کرد و ڕێککەوتنی لە بواری ئاودا واژۆ کرد. لە کۆتایی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا، ئیبراهیم کاڵن، گەشتێکی مەیدانی بۆ بەغداد، کەرکوک، هەولێر و سلێمانی ئەنجامدا و لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان کۆبووەوە.

دۆسیەی وزە و ڕێککەوتنی نەوت

کەرتی وزە پشکی شێری لە گفتوگۆکاندا هەبووە. ڕۆژی 3ـی تەمموز، ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە بەغداد ڕێککەوتنێکی 12 مانگیی لە بواری نەوت لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند. دوای ئەو سەردانە، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق چوونە ئەنقەرە بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان لەسەر پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

شۆڕش محەمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا