سۆلار دەبێتە جێگرەوە؛ ئەنجوومەنی نوێنەران داوای پێدانی قەرز بە هاوڵاتییان دەکات

ئارا ئیبراهیم 56 خولەک پێش ئێستا
بەشێک لە سۆلار پانێڵەکانی پرۆژەی کارەبای خۆریی بەسڕە
بەشێک لە سۆلار پانێڵەکانی پرۆژەی کارەبای خۆریی بەسڕە

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زنجیرەیەک ڕاسپاردەی توندی بۆ چاکسازی لە کەرتی کارەبا دەرکرد، کە تێیدا جەخت لە سزادانی گەندەڵکاران و پەنابردن بۆ وزەی خۆر دەکاتەوە وەک چارەسەرێکی ستراتیژی بۆ قەیرانی وزە.

هەڵدانەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی لە ساڵی 2005ـەوە

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کردووە تەواوی دۆسیەکانی گەندەڵی لە وەزارەتی کارەبا، کە مێژووەکەیان بۆ 21 ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، هەڵبدرێنەوە. بڕیاردراوە سەرجەم ئەو سەرپێچییانەی دەدۆزرێنەوە ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی و دادگاکان بکرێن. هەروەها داوای پێداچوونەوەی ورد بەو گرێبەست و پڕۆژانەدا کراوە کە سەلمێنراوە هیچ سوودێکی ئابوورییان نەبووە و بوونەتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، تاوەکو ڕێکاری یاسایی دژی بەرپرسانی ئەو پڕۆژانە بگیریتەبەر.

قەرزی بانکی بۆ دانانی سیستمی سۆلار

یەکێکی دیکە لە ڕاسپاردە گرنگەکان، ڕاسپاردنی بانکی ناوەندیی عێراقە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ بانکە حکومی و ئەهلییەکان بە مەبەستی پێدانی قەرزی ئاسان بە هاووڵاتییان. ئەم قەرزانە تایبەت دەبن بە کڕین و دانانی سیستمی سۆلار (وزەی خۆر) و پێویستە بە سوودێکی زۆر کەم یان بێ سوود بن، لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی دانەوەی قیستەکان بۆ کاتێکی دوورودرێژ. ئامانج لەم هەنگاوە فراوانکردنی بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوەیە لە ماڵان، کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر تۆڕی نیشتمانی.

پابەندکردنی وەزارەت بە پلانی ساڵانە و دابینکردنی سووتەمەنی

پەرلەمان وەزارەتی کارەبای پابەند کردووە کە پێش هەر وەرزێکی هاوین، پلانێکی ورد پێشکەش بکات کە خشتەی کاتی و ڕێژەی جێبەجێکردنی تێدا بێت، تاوەکو لەلایەن لیژنە پەرلەمانییەکانەوە چاودێری بکرێت. هاوکات وەزارەتی نەوتیش ڕاسپێردراوە کە دەبێت سووتەمەنی تەواو و پێویست بۆ کارپێکردنی هەموو وێستگەکانی کارەبا بە بێ پچڕان دابین بکات بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان دانەبەزێت.

ئاسانکاری بۆ بەستنەوەی سۆلار بە تۆڕی نیشتمانی

وەزارەتی کارەبا ڕاسپێردراوە کە ڕێکارە هونەری و کارگێڕییەکان ئاسان بکات بۆ ئەو هاووڵاتی و کەرتانەی کە دەیانەوێت سیستمی سۆلار ببەستنەوە بە تۆڕی نیشتمانییەوە. پێویستە وەزارەت ڕێگرییەکان لابدات و پڕۆسەی ڕێگەپێدانی دانانی سۆلار خێرا بکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی و پاراستنی ژینگە.

پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی چاودێری

بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەم ڕاسپاردانە، ئەنجوومەنی نوێنەران داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی کردووە. ئەم لیژنەیە نوێنەری وەزارەتی کارەبا و لیژنە پەرلەمانییەکانی دارایی، پلاندانان، وەبەرهێنان، نەوت، خزمەتگوزاری و دەستپاکی لەخۆدەگرێت. ئەرکی ئەم لیژنەیە چاودێریکردنی وردی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و پڕۆسەی چاکسازی دەبێت لە وەزارەتی کارەبادا.

ئارا ئیبراهیم

56 خولەک پێش ئێستا