یەک ملیۆن و 800 هەزار هاوبەش 2.2 تریلیۆن دینار قەرزاری کارەبان؛ داتای فەرمیی شارەکان بزانە

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پسووڵەی کارەبا و هاتنەوەی پارەی کارەبا بۆ هاونیشتمانیان
پسووڵەی کارەبا و هاتنەوەی پارەی کارەبا بۆ هاونیشتمانیان

ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کارەبا ئاستی قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات، کە زۆرترین بڕی قەرز لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە.

ئاماری گشتیی قەرزەکان و ژمارەی هاوبەشان

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، قەرزی گشتیی کارەبا لە هەرێمی کوردستان (بەبێ هەردوو ئیدارەی سۆران و گەرمیان) گەیشتووەتە 2 تریلیۆن و 228 ملیار و 941 ملیۆن دینار. کۆی گشتیی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 1,822,452 هاوبەشە، بەڵام ئەو قەرزانەی تۆمارکراون تەنیا 1,644,141 هاوبەش دەگرێتەوە.

بڕیاری داشکاندنی 50% بۆ قەرزە کەڵەکەبووەکان

لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاردراوە بە ڕێژەی 50% داشکاندن بۆ قەرزە کەڵەکەبووەکانی کارەبا بکرێت. چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بکرێت، بە جۆرێک هەر هاوبەشێک تەنیا نیوەی قەرزەکەی دەداتەوە و نیوەکەی دیکەی لەلایەن حکومەتەوە لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت.

قەرزەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان

دابەشبوونی قەرزەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:

پارێزگای سلێمانی: 1 تریلیۆن دینار قەرز لای 565,164 هاوبەش.

پارێزگای هەولێر: 762.2 ملیار دینار قەرز لای 581,740 هاوبەش.

پارێزگای دهۆک: 268.9 ملیار دینار قەرز لای 258,160 هاوبەش.

پارێزگای هەڵەبجە: 33.8 ملیار دینار قەرز لای 42,432 هاوبەش.

قەرزەکان لە ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و ڕاپەڕین

لە بەشێکی دیکەی داتاکاندا، بڕی قەرزەکان لە ئیدارە سەربەخۆکان بەم شێوەیە خراوەتەڕوو:

ئیدارەی زاخۆ: 99.7 ملیار دینار لای 85,368 هاوبەش.

ئیدارەی ڕاپەڕین: 60.1 ملیار دینار لای 111,277 هاوبەش.

ئیدارەکانی سۆران و گەرمیان

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کارەبا، لە ئیدارەی سۆران 90,289 هاوبەش و لە ئیدارەی گەرمیان 88,022 هاوبەشی کارەبا هەن. بەڵام بەهۆی ئەوەی پڕۆسەی کۆکردنەوەی داتاکانی تایبەت بە قەرزی ئەم دوو ئیدارەیە هێشتا تەواو نەبووە، بڕی قەرزەکانیان لە ناو کۆی گشتیی ئامارەکاندا هەژمار نەکراوە.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا