یۆرۆ هونەری ئەورووپا لەخۆدەگرێت

حەسەن فەلاح 1 کاتژمێر پێش ئێستا

لە پێشهاتێکی نوێی هونەریی و داراییدا، بانکی ناوەندیی ئەورووپا، ئامادەکاریی دەکات بۆ هەڵبژاردنی دیزانی داهاتووی یۆرۆ بە لەخۆگرتنی چەند کەسایەتییەکی هونەریی دیاری کیشوەرەکە.

هونەرمەندە گەورەکان لەخۆدەگرێت

بەگوێرەی زانیارییەکانی بانکەکە، 10 دیزاینی جیاوازی دراوی یۆرۆ پێشنیاز کراون، کە لە داهاتوودا بڕیاری کۆتاییان لەسەر دەدرێت و شێوەکانیان جێگیر دەکرێت؛ لە ناوەڕۆکی بەشێکیاندا، وێنەی فیگەرە دیارەکانی هونەری کیشوەرەکەی لەسەرە، لەوانە لیۆناردۆ داڤینچی و بیتهۆڤن و ماریا کالاس.

هاوڵاتییان دەبێت دەنگی لەسەر بدەن

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی ئەم دیزاینانە، پێویستی بە دەنگدانی هاوڵاتییانی ئەورووپا هەیە و دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی ئەو کەسایەتییە هونەرییانە دەدەن کە لەسەر دراوەکانی داهاتووی یۆرۆ دەستنیشان دەکرێن.

دەنگدان دەستیپێکردووە

ئێستا دەنگدان لەسەر ئەم دیزاینانە دەستیپێکردووە و تاوەکو 21ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، پاشان دەنگەکان جیادەکرێنەوە و پاش ڕاگەیاندنی دیزاینی کۆتایی دراوەکان، دەست دەکرێت بە دانانی پلانێکی چەند ساڵە بۆ چاپکردن و خستنەڕووی دراوەکان.

حەسەن فەلاح

1 کاتژمێر پێش ئێستا