مەترسی لەسەر مووچەی مانگی تەمموز؛ داهاتی پێویست کۆنەکراوەتەوە

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
مەترسی لەسەر مووچەی مانگی تەمموز هەیە
مەترسی لەسەر مووچەی مانگی تەمموز هەیە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پەردە لەسەر قەبارەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر حکومەت لادەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوت و کەمیی داهات، مەترسیی جیددی لەسەر دابینکردنی مووچەی مانگی تەممووز دروستبووە.

قەبارەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر حکومەت

ڕیاز تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی بڕی 216 تریلیۆن دینار قەرزی ڕادەستی حکومەتەکەی عەلی زەیدی کردووە. ئەم قەرزانە بەم شێوەیە دابەشبوون: 110 تریلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی، 106 تریلیۆن دینار قەرزی کۆمپانیاکان و بەڵێندەرەکان، جگە لە بوونی 10 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی.

ڕاوەستانی هەناردەی نەوت و قەیرانی داهات

بە گوتەی تەمیمی، عێراق تاوەکو ئێستا قەیرانێکی وای بەخۆیەوە نەبینیوە، چونکە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، واتە ماوەی 6 مانگە هەناردەی نەوتی عێراق بۆ دەرەوە بە تەواوی ڕاوەستاوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانێکی گەورە لە داهاتی وڵاتدا و حکومەتی خستووەتە دۆخێکی سەختەوە.

مەترسی لەسەر مووچەی مانگی تەممووز

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی هۆشداری دەدات کە ئەگەر قەیرانی داهات بەردەوام بێت، حکومەت ناتوانێت مووچە دابین بکات. ئاشکراشی کرد کە تاوەکو ئێستا حکومەت تەنیا 3 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی تەممووز کۆکردووەتەوە، کە ئەم بڕە زۆر کەمترە لەو پارەیەی بۆ دابەشکردنی مووچە لە سەرتاسەری عێراق پێویستە.

پەیوەندییە هەرێمییەکان و دۆخی ئەمنی

ڕیاز تەمیمی داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات پاڵپشتی حکومەت بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و جەخت دەکاتەوە کە دروستکردنی بارگرژی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەڵەیە، چونکە عێراق لەم کاتەدا پێویستی بە پشتیوانی ئەوان هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، عەلی زەیدی سوورە لەسەر کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و پێی وایە دیپلۆماسییەت باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەری کێشەکان.

هەوڵەکانی لیژنەی دارایی

لە ئێستادا لیژنەی دارایی پەرلەمان کار لەسەر دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ دەکات بۆ زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، تاوەکو بتوانن پاڵپشتی حکومەت بکەن لە پڕکردنەوەی پێداویستییە داراییەکان، بەڵام تەمیمی جەخت دەکاتەوە کە بەبێ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە کارێکی زۆر ئەستەم دەبێت.

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا