عەلى زەیدى: ئاسایشى عێراق و تورکیا پێویستى بە هاوکارییەکى بەهێز هەیە

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پەیوەندییە ئەمنییەکان و دۆسیەی ئاوەوە ڕایگەیاند، ئاسایشی عێراق و ئاسایشی تورکیا پێویستی بە هاوکارییەکی بەهێز هەیە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ تورکیا چاوەڕوانی بەڕێوەبردنێکی هاوبەشین بۆ دۆسیەی ئاو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.

سەروەریی خاک و بنەماکانی گەشەپێدانی ئابووری

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ڕێزگرتن لە سەروەریی خاک و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرەوە لە وتارێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ ئاماژە بەوە دەکات، ئاسایشی عێراق و تورکیا لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە بۆ سەروەریی خاک و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوانە ڕێکخراوەکان، پێویستی بە هاوکارییەکی بەهێز هەیە، چونکە گەشەپێدان تەنیا لە سایەی ئاسایش و سەقامگیریدا گەشە دەکات.

هەلی مێژوویی بۆ گۆڕینی پێگەی جوگرافیی ناوچەکە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پێگەی ئابووریی هەردوو وڵاتەوە ڕایگەیاند، عێراق و تورکیا دەرفەتێکی مێژووییان لەبەردەمدایە بۆ گۆڕینی پێگەی جوگرافییان بۆ بەهایەکی ئابووری، کە بیانکاتە ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان کەنداو، ئاسیا و ئەورووپا.

سەردانی شاندی باڵای عێراق بۆ تورکیا

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی تورکیا دەکات، لە وتارێکدا ڕوانینی خۆی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و هاوبەشە ئابووری و ئەمنییەکانی ئەو دوو وڵاتە دەخاتەڕوو.

ڕێگای گەشەپێدان؛ چەمکێکی نوێ بۆ پەیوەندییە هەرێمییەکان

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی وتارەکەیدا و لەبارەی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" ئاماژە بەوە دەکات، "ڕێگای گەشەپێدان" تەنیا پڕۆژەیەکی عێراقی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی هەرێمییە کە چەمکی پەیوەندیی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە دەکاتەوە.

گرنگیی پڕۆژەکە لە ڕەخساندنی هەلیکار و وەبەرهێناندا

عەلی زەیدی لەبارەی ئاسۆکانی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانەوە ڕایگەیاند، ڕێگای گەشەپێدان تەنیا کات بۆ گواستنەوەی کاڵاکان کورت ناکاتەوە، بەڵکو شارە نوێیەکان، ناوچە پیشەسازییەکان، دەرفەتی وەبەرهێنان و هەزاران هەلیکاریش دەڕەخسێنێت.

دۆسیەی ئاو وەک پرسێکی چارەنووسساز

سەبارەت بە دۆسیەی ئاو کە یەکێکە لە دۆسیە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە و چاوەڕوان دەکرێت یەکێک بێت لەو دۆسیە گرنگانەی لە سەردانەکەی زەیدی بۆ تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاووتوێی بکات، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی وتارەکەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئاو چیدی تەنیا پرسێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بووەتە پرسێکی گەشەپێدان کە پەیوەندیی بە ئایندەی ملیۆنان هاوڵاتییەوە هەیە.

داواکاری بۆ بەڕێوەبردنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئاسایشی ئاو و خۆراکەوە ڕایگەیاند، چاوەڕوانی بەڕێوەبردنێکی هاوبەشین بۆ دۆسیەی ئاو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بەجۆرێک کە ئاسایشی ئاو و خۆراک بۆ گەلانمان دابین بکات.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا