شەوی ڕابردوو بە نزیکەی 10 درۆن هێرشکراوەتە سەر هەولێر و ئیدارەی سۆران

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
گڕ و ڕووناکیی ساتی کەوتنەخوارەوەی یەکێک لە درۆنەکان
گڕ و ڕووناکیی ساتی کەوتنەخوارەوەی یەکێک لە درۆنەکان

شەوی ڕابردوو زیاتر لە 10 درۆن ئاڕاستەی شاری هەولێر و ناوچەکانی ئیدارەی سۆران کران؛ سیستمی بەرگریی هاوپەیمانان و هەوڵی هاونیشتمانییان ڕووبەڕوویان بوونەوە و تێکیانشکاندن، کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی بەشێک لە درۆنەکانەوە ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لێکەوتەوە.

کاتژمێر و ژمارەی درۆنە ئاڕاستەکراوەکان

سەرچاوەکان لەبارەی کات و ژمارەی هێرشە درۆنییەکانەوە ڕایانگەیاند، کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو، ژمارەیەک درۆن ئاڕاستەی شاری هەولێر و شارۆچکەی سۆران کران کە ژمارەیان زیاتر لە 10 درۆن بووە.

ڕووبەڕووبوونەوەی درۆنەکان لە ئاسمانی هەولێر

سەرچاوەکە لەبارەی وردەکاریی هێرشەکانی سەر هەولێرەوە گوتی، بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 شەوی ڕابردوو کاتژمێر 11:30 خولەک دوو درۆن ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی هەولێر کرا نزیک لە بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان و دەوروبەری کۆمەڵگەی سێبیران، لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە درۆنەکان تەقێنرانەوە، هەروەها لە پاش کەوتنەخوارەوەیان، ئاگر لە پەرێزێکی ناوچەکەش کەوتەوە.

تێکشکاندنی درۆنەکان لە ئاسمانی سۆران و خەلیفان

پەیامنێرەکە لەبارەی شوێنی تەقاندنەوەی درۆنەکانەوە دەڵێت، ئەو درۆنانە بەشێکیان بە ئاسمانی ئیدارەی سۆراندا تێپەڕین و لە ئاسمانی خەلیفان و هەریر و سۆران تەقێنرانەوە کە هەر لەو ناوچانەش دەنگیان بیسترا.

کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان و کەوتنەوەی ئاگر

سەرچاوەکە لەبارەی زەرەر و زیانە بەرکەوتووەکانی سۆرانەوە دەشڵێت، هەروەها لە سنووری ئیدارەی سۆران، 3 لە درۆنەکان لە 3 ناوچەی جیاواز کەوتنە خوارەوە، یەکێک لە درۆنەکان لە دۆڵی ئالانەی سەر بە شارۆچکەی خەلیفان کەوتە خوارەوە کە ئاڕاستەی کەمپی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرابوو، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنێکیانەوە ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتەوە و لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە درا.

ڕووبەڕووبوونەوەی هاونیشتمانییان و دروستبوونی دڵەڕاوکێ

سەرچاوەکە لەبارەی کاردانەوەی هاونیشتمانییانەوە لە بەرامبەر درۆنەکاندا ڕایگەیاند، هەروەها 2 درۆنەکەی دیکە لە گوندی سێناوە و گوندی بەورکان تێکشکێنران و لەکاتی ئاڕاستەکردنی درۆنەکانیشدا هاونیشتمانییان بە تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە درۆنەکان هەوڵیاندا بۆ خستنەخوارەوەی و ترس و دڵەڕاوکێی لەلای هاونیشتمانییانی ئەو ناوچانە دروستکرد.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا