دەستپاکی عێراق: زیاتر لە 2 ملیار دینار لەماڵی بەرپرسێکدا دەستی بەسەرداگیرا
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە هەڵمەتێکی نوێدا دەستی بەسەر بڕی 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار و بەڵگەنامەی 6 موڵکی وەبەرهێناندا گرت کە لە ماڵی بەرپرسێکی پێشووی سەڵاحەدین حەشاردرابوون، ئەمەش لەکاتێکدایە هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی دەستیان لە بەهەدەردانی سامانی گشتیدا هەیە، بەردەوامییان هەیە.
دۆزینەوەی ملیارەها دینار و دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکان
دەستەی دەستپاکیی عێراق لەبارەی دۆزینەوەی بڕە پارەیەکی زۆر لە ماڵی بەرپرسێک ڕایگەیاند، 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار لە ماڵی بەرپرسێک لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە چالاکییەکەدا 6 موڵکی وەبەرهێنان دەستیان بەسەردا گیراوە کە بە ناوی ژنی بەرپرسەکەوە تۆمار کراون.
دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری پێشووی ژمێریاریی سەڵاحەدین
دەستەی دەستپاکیی عێراق لەبارەی ناسنامەی تۆمەتبارەکە و ڕێکارە یاساییەکان ڕایگەیاند، توانیویانە لە ماڵی بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاری لە پارێزگای سەڵاحەدین بڕە پارەیەکی زۆر بدۆزنەوە، هەروەها باسی لەوەش کرد کە ئەو بەڕێوەبەرە بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، دەستیش گیراوە بەسەر سەرجەم سامان و موڵکەکانیدا.
وردەکاریی ئەو پارە و موڵکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە
بەگوێرەی دەستەکە، لە ماڵی ئەو بەرپرسە لە سەڵاحەدین دەست گیراوە بەسەر 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار و ئاشکراشیان کردووە لە ماڵی بەرپرسەکەدا بەڵگەنامەی 6 موڵکی وەبەرهێنان دەستی بەسەردا گیراوە کە بە ناوی ژنی ئەو بەڕێوەبەرەی سەڵاحەدینەوە تۆمار کراون.
تۆمەتبارکردن بەپێی ماددەی 340 و دۆسیەی چەکی ساختە
دەستەی دەستپاکیی عێراق لەبارەی ماددەی یاسایی و تۆمەتەکان ڕایگەیاند، تۆمەتبار ئێستا بە ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی دەکرێت و یەکێک لە دۆسیەکانیش پەیوەستە بە دەرکردنی چەکێکی ساختە کە لە بانکی ڕافیدەین پارەکەی بۆ خەرج کراوە.
بەردەوامیی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق
دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسەی سەڵاحەدین لەکاتێکدایە، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق زیاد لە 2 مانگە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا دەیان بەرپرس دەستگیر کراون و هەر لە 2 ڕۆژی ڕابردوو، دەستەی دەستپاکیی عێراق، کامیل عەباس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدینی بە تۆمەتی تێوەگلانی لە دۆسیەیەکی گەندەڵی دەستگیر کرد. هۆکاری دەستگیرکردنەکەشی بۆ دیارنەمانی بڕی 400 ملیۆن دینار و ساختەکاری لە پسوڵە گەڕاندەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا