لە خەرەندی ڕەواندز ئۆتۆمبێلەک کەوتەخوارەوە و شۆفێرەکەی دەستبەجێ گیانی لەدەستدا

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ئۆتۆمبێلەکە لە دوای کەوتنەخوارەوەی لە خەرەندی ڕەواندز
ئۆتۆمبێلەکە لە دوای کەوتنەخوارەوەی لە خەرەندی ڕەواندز

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک لە خەرەندی ڕەواندزەوە کەوتە خوارەوە و شۆفێرەکەی کە گەنجێک بوو، دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دوای ماوەیەک تەرمی قوربانییەکەیان دەرهێنایەوە.

وردەکاریی ساتەوەختی ڕووداوەکە لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە

ڕووداوەکە کاتژمێر 10ی بەیانی ڕوویداوە، لە کامێراکانی چاودێرییەوە دیارە، هێشتا نازانرێت هۆکار چییە؛ نە شەقامەکە قەرەباڵغە، نە تەڕە، نە ئۆتۆمبێلەکەش خێرایە، کەچی لەپڕ لا دەکاتەوە و بەرەو خوار دەڕوات.

زانیاری و ناسنامەی قوربانیی ڕووداوەکە

شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ناوی هەندرێن ڕەمەزانە، ئەو خەڵکی باڵەکایەتییە، تەمەنی 25 ساڵە و پیشەی کاسب بووە و ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری نیسان سێنترا بووە.

بەرزیی شوێنی کەوتنەخوارەوەکە و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان

بەرگریی شارستانی سۆران لەبارەی بەرزایی شوێنی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند، ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکە لێی کەوتووەتە خوارەوە زیاد لە 300 مەتر بەرزە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکرێت.

چاوەڕوانیی پشکنینی پزیشکی داد بۆ دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی

پزیشکی داد لەبارەی دیاریکردنی هۆکاری وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەوە گوتی، چاوەڕێی توێکاریی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت بزانرێت هۆکار چییە ئەو ئۆتۆمبێلە تووشی ئەم ڕووداوە بووە، چونکە ڕووداوەکە هیچ هۆکارێکی دیاری نییە کە ئاوا سەیری دەکرێت لە ڕێگەی کامێراکانەوە، بۆیە دەبێت توێکاریی پزیشکی بکرێت، ئایا جەڵتە بووە، شۆفێر خەوی لێکەوتووە، یان هۆکار چییە وا لەناکاو دەکەوێتە خوارەوە.

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا