ڕزگار حەمە خدر: ڕۆژانە 6 بۆ 8 هەزار تۆن سەوزە و میوە دەنێرینە بەغداد
لە هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژانە 6 هەزار بۆ 8 هەزار تۆن سەوزە و میوەی جیاواز بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕەوانە دەکرێت.
ئاماری ڕۆژانەی هەناردەکردن لە دەروازەکانەوە
ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند "ڕۆژانە لە دەروازەکانی موسڵ و سلێمانی و پردێوە 6 تاوەکو 8 هەزار تۆن سەوزە و میوەی جیاواز ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت، بێجگە لە بەرهەمی هێلکە و مریشک".
جۆرەکانی بەرهەمە هەناردەکراوەکانی هەرێم
ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەبارەی جۆری بەرهەمە هەناردەکراوەکانەوە ڕایگەیاند، تەماتە و خەیار و پیاز و پەتاتە و شووتی و کاڵەک و سەوزە جیاوازەکان کە بەرهەمی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانن، بەبێ هیچ گرفتێک ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن.
کۆنترۆڵکردنی کوالێتی و پاڵپشتیی فەرمیی عەلوەکان
ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەبارەی پشکنین و کۆنترۆڵکردنی کوالێتییەوە گوتی، سەرجەم بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتیی فەرمیی عەلوەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە پشکنینی کوالێتییان بۆ دەکرێت، ئەوکات ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.
کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی ڕێککەوتنی کشتوکاڵی
ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەبارەی سەردانەکانی بۆ بەغدا ڕوونی کردەوە، لەماوەی ڕابردوو چەند جارێک سەردانی بەغدای کردووە و لەسەر ڕۆژژمێری کشتوکاڵی لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتنیان کردووە.
ئاڵوگۆڕی هاوردەکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی
ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەبارەی جێبەجێکردنی ڕۆژژمێری کشتوکاڵییەوە گوتی، لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، بەغدا هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە قەدەغە دەکات، لە بەرامبەریشدا لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی سەوزە و میوەی عێراق، لە هەرێمی کوردستانەوە ئەو بەرهەمانە قەدەغە دەکرێن تاوەکو بەرهەمی ناوخۆیی ساغبکرێتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا