مەبەست لە لاوازیی سووڕی خوێن چییە؟

گران جاف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن
وێنەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن

فرمانی سەرەکیی خوێن بریتییەلە گەیاندنی ئۆکسجین و بەهاخۆراکییەکان بۆ شوێنە جیاوازەکانی جەستە، هاوکات پاشماوەکانیش دووردەخاتەوە، هەربۆیە هەرشتێک رێگریبکات لە ئەم فرمانە گرنگانەی خوێن، دەکرێت کاریگەریی گەورەی هەبێت لەسەر جەستە.

کاتێک کەسێک گرفتی لە سووڕی خوێندا بۆ دروستدەبێت، جەستە هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی سووڕی خوێنی ئەندامە گرنگەکان تێکنەچێت و کەمنەبێتەوە، هەربۆیە ئەو کەسانەی ئەم گرفتەیان هەیە زیاتر لە پەلەکانیاندا دەردەکەوێت.

بەڵام ئەگەر چارەسەرنەکرێت، ئەوا دەکرێت کاریگەرییە نەرێنییەکان لە ئەندامە گرنگەکانی جەستەشدا دەربکەون.

نیشانە سەرەتاییەکان ئاسان نین بۆئەوەی هەستیان پێبکرێت، بەڵام بە گشتی خۆیان دەبیننەوە لە سووتانەوەی پێ، ئازاری ڕان و سمت لەپاش بەپێ ڕۆیشتن کە پاش پشوودان چاکدەبنەوە، هەروەها گۆڕانی رەنگی پێست و هێواش ساڕێژبوونەوەی برین لە نیشانە ئاگادارکەرەوەکانن.

سووڕی خوێنی لاواز چەندین هۆکاری هەیە لەوانەش؛ رەقبوونی بۆرییەکانی خوێن کە جگەرەکێشان و نەخۆشیی شەکرە هۆکاری سەرەکین بۆی، بەرزەفشاری خوێن، هەوکردن، کڵۆی خوێن و بەرزەچەوریی خوێنیش هۆکاری زیادبوونی مەترسیین بۆ لاوازبوونی سووڕی خوێن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لایەنی بۆماوەش ڕۆڵی گەورەی هەیە بۆ زیادبوونی مەترسیی لاوازبوونی سووڕی خوێن؛ بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە لە خێزانەکەیاندا نەخۆشیی شەکرە، رەقبوونی بۆرییەکانی خوێن و بەرزەفشاری خوێنیان هەیە مەترسیی تووشبوونیان زیاترە.

باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی لاوازیی سووڕی خوێن بریتییەلە کەمکردنەوەی هۆکارەکانی تووشبوون، بۆ نموونە؛ وەرزشکردن، دابەزاندنی کێش، بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەچەوریی خوێن و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان.

گران جاف

2 کاتژمێر پێش ئێستا