ئامانج ڕەحیم: بڕینی مانگانەی 120 ملیار دینارەکە بەردەوامە

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە قەیرانی سووتەمەنی، چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی مووچە لە بودجەی 2027 و جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی گومرگ دەخاتە ڕوو، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەوڵەکان بۆ هەمیشەییکردنی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست لە چوارچێوەی بودجەی ساڵانی داهاتوودا بەردەوامن و گوتیشی، بڕینی مانگەی 120 ملیار دینارەکە بەردەوامە.

ڕێگری لە قۆرخکاری لە بازاڕی بەنزیندا

د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشدارییکردنی لە بوڵتەنی 12ـی کەناڵ8 لەبارەی نرخی سووتەمەنی و ڕێگری لە قۆرخکاری ڕایگەیاند، دانانی نرخی سەپێنراو بۆ بەنزین لە ئێستادا گونجاو نییە؛ کار دەکرێت بۆ ئەوەی قۆرخکاری لە بابەتی بەنزیندا نەمێنێت و جەخت دەکاتەوە، دەبێت سامانە سرووشتییەکان چاودێریی وردی بازاڕی بەنزین بکات.

تاوتوێکردنی قەیرانی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی وەزیران

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرنامەی کۆبوونەوەی سبەی حکومەتەوە ڕایگەیاند، سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا قەیرانی سووتەمەنی تاوتوێ دەکرێت.

ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی بەنزین لە دەروازە سنوورییەکان

د. ئامانج ڕەحیم لەبارەی پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی 750 دیناری گوتی، لە کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و مەسرور بارزانی، تاوتوێی بڕیاری نرخی بەنزینی 750 دیناری کراوە و دەرکەوتووە ئەو بڕیارە پێویستی بە پێداچوونەوەیە؛ جەخت کرایەوە قۆرخکاری نەمێنێت و ئاسانکاری بکرێت بۆ هاوردەکردنی بەنزین لە دەروازە سنوورییەکان و بازرگانان دەرفەتی یەکسانیان پێ بدرێت.

داواکاری بۆ مامەڵەی یەکسانی بەغدا لە دابەشکردنی سووتەمەنی

ئامانج ڕەحیم لەبارەی کێشەی سووتەمەنی و مامەڵەی حکومەتی فیدراڵ گوتی، کێشەی سووتەمەنی کێشەیەکی نوێ نییە و بە بۆچوونی ئەو، باشترین چارەسەر ئەوەیە حکومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ هەمووان بکات و هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانیش سوودمەند بن لەو بەنزینەی عێراق. هۆکاری کەمیی نرخی بەنزینیشی لە عێراق گەڕاندەوە بۆ بوونی پاڵاوگەی نیشتمانی و حکومی و لە بودجەی حاکیمەدا بودجە دادەنرێت بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی سووتەمەنی و لەناویشیاندا بەنزین و نەوت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوت و پاڵاوتنی لەلایەن کۆمپانیای تایبەتەوەیە.

هەوڵەکان بۆ گشتگیرکردنی پاڵپشتیی دارایی سووتەمەنی

ئامانج ڕەحیم لەبارەی نەبوونی بودجەی پاڵپشتی بۆ سووتەمەنی گوتی، هەرێمی کوردستان بێجگە لە پارەی مووچە کە بۆی دەنێردرێت، هیچ بودجەیەکی دیکەی نییە تاوەکو پاڵپشتیی جۆرەکانی سووتەمەنی بکات، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیراندا تاوتوێی ئەو پرسە دەکرێت کە سیستمەکە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و سوودی لێ وەربگیرێت و حکومەتی فیدراڵ بە یەکسانی مامەڵە بکات.

داواکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەرهەمهێنانی نەوت

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پشکی بودجە و داهاتی نەوت ڕایگەیاند، بەگوێرەی سەرژمێری دەبێت هەرێمی کوردستان 14%ـی بودجە و داهات و نەوتی پاڵێوراوی عێراقی پێ بدرێت؛ بە بۆچوونی ئەو، ئەو هەنگاوە دەبێتە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی سووتەمەنی و کێشەکانی دیکە و دەشڵێت "عێراق وەک بازرگان مامەڵە لەگەڵ پرسی نەوت دەکات، چونکە ئەوان کۆنترۆڵی کەرتی سووتەمەنی و نرخی بەنزین دەکەن و ڕۆژانە 800 هەزار تاوەکو 1 ملیۆن بەرمیلی بەرهەمهاتوو تەرخان دەکرێت بۆ پاڵاوتن".

خستنەڕووی وردەکارییەکانی نەوتی ناوخۆ و پاڵاوگەکان

ئامانج ڕەحیم لەبارەی ئامادەیی حکومەت بۆ خستنەڕووی زانیارییەکان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو وردەکارییەکی وەرگرتنی 50 هەزار بەرمیل نەوت و پاڵاوگەکان بخاتە ڕوو بە بابەتی پێداویستیی ناوخۆ و نەوتی ڕەشیشەوە.

توندکردنەوەی چاودێریی کوالێتی و ڕێگری لە قازانجی ناڕەوا

د. ئامانج ڕەحیم لەبارەی ڕۆڵی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە چاودێریکردنی بازاڕ گوتی، پێویستە سامانە سرووشتییەکان چاودێریی توندی هەبێت لەسەر کوالێتیی بەنزین و سووتەمەنی و پێدانی مۆڵەت بە بەنزینخانەکان و ڕێگری لە قازانجی ناڕەوا هەم لە کۆمپانیا و هەم لە پاڵاوگەکان، هەر بۆیە حکومەت دەتوانێت چاودێرێکی باشی بەنزینی بازرگانی بێت لەڕووی نرخ و کوالێتی، بەڵام دانانی نرخ و سەپاندنی دەکرێت نەگونجاو بێت لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستا.

کێشەی لێبڕینی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە و هەڵوێستی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، هەڵوێستی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فالح ساری، وەزیری دارایی ئەوەیە مانگانە لەگەڵ عێراقدا مووچەی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری 550ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی ساڵی ڕابردووی عێراق بۆ ناردنی 120 ملیارەکە کاری پێ دەکرێت؛ عێراق داوای 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان دەکات، هەرچەندە وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە، مووچە دەنێرێت.

کەمکردنەوەی لێبڕینی داهاتی ناوخۆ لە شایستە داراییەکان

د. ئامانج ڕەحیم لەبارەی میکانیزمی خەرجکردنی مووچە گوتی، عێراق مانگانە بە شێوەی مەقاسە 120 ملیارەکە دەبڕێت و مووچە دەنێرێت؛ چاوەڕوان دەکرێت بۆ مووچەی مانگی تەممووز و مانگەکانی دیکەش لەگەڵ عێراقدا خەرج بکرێت بە لێبڕینی 120 ملیارەکە، هەرچەندە عێراق کێشەی کەمیی سیولەی هەیە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر کەمکردنەوەی ئەو 120 ملیارە، چونکە بە گوتەی ئەو، تاکە لەمپەر لە بەردەم مووچە، ئێستا 120 ملیار دینارەکەیە.

نەخشەڕێگەی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی مووچە لە بودجەی 2027

ئامانج ڕەحیم لەبارەی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی مووچە گوتی، چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی مووچە بودجەی عێراقی فیدراڵە بۆ ساڵی 2027 و وەزارەتی دارایی هێڵە گشتییەکانی بودجەکەی داڕشتووە؛ بڕیارە دیزاین و میکانیزمی بودجەی عێراق بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕانکاریی تێدا بکرێت و شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵیان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەم کێشانە بە یاسا و دەقی یاسایی چارەسەر بکرێن نەوەک بهێڵررێتەوە بۆ ڕێککەوتنی حکومی و بڕیاری کارگێڕی. بۆیە بە گوتەی ئەو، دەبێت هەرێمی کوردستان لە 2027ـدا بودجە وەربگرێت نەوەک تەنیا مووچە، و مووچەخۆر نەکرێتە قوربانیی ناکۆکیی سیاسی.

جێگیرکردنی شایستە داراییەکان و مافەکانی هەرێم بە یاسا

ئامانج ڕەحیم لەبارەی پێداچوونەوە بە خەرجییەکان جەختی کردەوە، خەرجیی سیادی و حاکیمە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و دەبێت هەرێمی کوردستان بەشی خۆی لە بودجەی بەکاربردن، وەبەرهێنان، پەرەپێدانی پارێزگاکان و بودجەی سیاسی جێگەی بۆ بکرێتەوە و بە یاسا چارەسەر بکرێت؛ بەشی داهاتی نانەوتی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە بڕگەیەکی ئاشکرا شیکردنەوەی دیکەی بۆ نەکرێت و لە بودجەی 2027ـدا دابنریت، کە شایستەکانی هەرێمی کوردستانیش بەرامبەر چەند پابەندییەکە لەوانە ناردنی نەوت و داهاتی نانەوتی.

ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت و گەڕانەوەی کۆمپانیاکان

ئامانج ڕەحیم لەبارەی دۆخی بەرهەمهێنانی نەوت گوتی، ئێستا لە چوارچێوەی ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی جەیهانەوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عێراق؛ ڕادەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زۆر باش زیادی کردووە و کۆمپانیاکان گەڕاونەتەوە بۆ کێڵگە نەوتییەکان. بە بۆچوونی ئامانج ڕەحیم، ئەو ڕێککەوتنە سێقۆڵییە بۆ هەناردەکردنی نەوت دەخرێتە بودجەی 2027ـەوە.

پێکهێنانی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا

ئامانج ڕەحیم لەبارەی چارەسەری دامەزراوەیی کێشەکان ڕایگەیاند، کار لەسەر ئەوە کراوە ئەنجوومەنێکی هەماهەنگی دروست ببێت و هەردوو سەرۆکوەزیران ئامادەییان تێیدا هەبێت بۆ ئەوەی بە دامەزراوەیی کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە بەردەوامی لیژنەکان لە هەماهەنگی و پەیوەندیدان. جەختیشی کردەوە، دەبێت هەمووان وەک فراکسیۆنە کوردییەکان و بەرپرسەکان یەکدەنگ و یەکدەست کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی لەمپەرەکان لە بەردەم مووچە و لە بودجەی 2027ـدا بەیەکجاری چارەسەر بکرێت.

کاریگەریی سیستمی ئەسیکۆدا لەسەر شەفافیەت و داهاتی گومرگی

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا ڕایگەیاند، سیستمێکی سەرکەتووە و شەفافیەت بەرقەرار دەکات و هەموو ڕێکارە گومرگییەکان دەبێتە ئەلیکترۆنی و ڕێگری دەکات لە گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە و زیاتر بوونی داهات و دابینکردنی ئاسانی 120 ملیارەکە؛ ئەم سیستمە بۆ قۆناغی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە زیاترکردنی داهات، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو سیستمە لەلایەن عێراقەوە بۆ سەر دەروازەکانی هەرێمی کوردستان وای کرد داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە ڕێژەی 70٪ دابەزێت و کاریگەریی زۆری هەبووە لە دابینکردنی 120 ملیار دینارەکە.

پێشنیازی هەرێم بۆ دابەشکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان

د. ئامانج ڕەحیم لەبارەی دابەشکردنی داهاتی گومرگی ڕوونی کردەوە، لە سیستمی ئەسیکۆدادا لە هەموو خاڵەکانی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی سیستمەکە، گەیشتوون بە ئەنجام و ئەو ڕەسمە گومرگییەی کە لە دەروازەکان وەردەگیرێت، چۆن دابەش بکرێت لە نێوان گەنجینەی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە لە دەروازەکان دەستبەجێ 50٪ـی ڕەسوماتی گومرگی بچێتە گەنجینەی فیدراڵی و هەژمارێکی بۆ بکرێتەوە و 50٪ـەکەی دیکەی بچێتە هەژماری بانکێکی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان و بەکاربهێنرێت بۆ بەکاربردن تاوەکو کۆتایی ساڵ؛ ئەو پێشنیازە چاوەڕوانی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و یەکلاکردنەوەیەتی.

چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست لە بودجەدا

د. ئامانج ڕەحیم لەبارەی دابینکردنی پلەی وەزیفی بۆ وانەبێژان و گرێبەستەکان گوتی، لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران و لە بەغداش، تاوتوێی میلاکات دەکرێت، بەو پێیەی لە 2014ـەوە ژمارەی میلاکی هەرێمی کوردستان لە خشتەی بودجەی عێراق 681 هەزار و 21 میلاک یاخود پلەی وەزیفی بووە و بۆ دامەزراندنی فەرمانبەر پێویستیان بە پلەی وەزیفییە لەگەڵ تەرخانکراوی دارایی؛ بۆیە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای زیاتر لە 60 هەزار پلەی وەزیفی کردووە و لەپێشینە دەدرێت بە گرێبەستەکان کە ژمارەیان لە 30 هەزار زیاترە و دواتر یەکەمەکان، دەرچووی کۆلێژە پزیشکییەکان و دەرەجەی وەزیفی بۆ دەرچووانی دیکە. دەبێت ئەم پرسی پلەی وەزیفییە لە بودجەی 2027ـدا جێگەی بۆ بکرێتەوە و ببنە هەمیشەیی و وەک حکومەت بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بۆ پرسەکەیان.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا