بەرپرسانی ئەمريکا: سزاکان لە بۆمبەکان زياتر زيان بە ئێران دەگەيەنن

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
هاوڵاتییانى ئێران لە یەکێک لە شەقامەکانى تاران، سەرقاڵى کار و پیشەى رۆژانەیانن. فۆتۆ: AP
هاوڵاتییانى ئێران لە یەکێک لە شەقامەکانى تاران، سەرقاڵى کار و پیشەى رۆژانەیانن. فۆتۆ: AP

بەرپرسانی ئەمريکا پێيانوايە سزا ئابوورييەکانی سەر ئێران کە سەرنجێکی ئەوتۆی جيهانی لەسەر نييە کاريگەری زياترە لە بۆردوومانەکانی سەر تاران و زيانی زۆری پێگەياندوون، بە ڕادەيەک دەڵێن ئێران لە وەزارەتی گەنجينەی ئەمريکا زياتر دەترسێت وەک لە وەزارەتی جەنگ.

بۆچوونی جیاواز لەسەر شەڕی ئابووری

بەڵام، شڕۆڤەکارانی ئابووری لەبارەی شەڕی ئابوورییەوە پێیان وایە کە شەڕی ئابووری لەگەڵ ئێراندا ڕێبازێکی شکستخواردووە و سەر ناگرێت.

قەیرانی وزە لە وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت

بەگوێرەی زانیارییەکان، قەیرانێکی ئابووریی قووڵ ئێرانی گرتووەتەوە و لەکاتێکدا یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە نەوت لە جیهاندا، بەڵام بەدەست کەمیی بەنزینەوە دەناڵێنێت.

داواکارییەکانی ئێران لە مێزی دانوستان

بەرپرسێکی ئەمریکی بە پێگەی ئەکسیۆسی لەبارەی داواکارییەکانی ئێرانییەکانەوە گوتووە، ئێرانییەکان دەیانەوێت هێرش و بۆردوومانەکانی سەر وڵاتەکەیان بوەستێت و بۆ یەکەمجارە لە دانوستانەکاندا لە پێش هەموو شتێکەوە پارەیان دەوێت.

نێوەندگیریی نێودەوڵەتی بۆ ئاگربەست و بەڕێوەبردنی هوورمز

لە ئێستادا، هەردوولا قسە لەگەڵ نێوەندگران دەکەن، بە سەرۆکایەتیی عوممان، قەتەر و پاکستان، کە هەوڵ دەدەن ئاگربەستێکی نوێ بهێننە ئاراوە. یەکێک لە سەرنجە سەرەکییەکانی دانوستانەکان پێشنیازێکە کە دەسەڵات دەدات بە ئێران و عوممان داهات بەدەستبهێنن لە بەڕێوەبردنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هوورمز.

ئاڵوگۆڕی مەرجەکان لەنێوان واشنتن و تاران

ئەو بەرپرسە ئێرانییە لەبارەی مەرجەکانی وڵاتەکەیەوە دەڵێت، "ئێران دڵنیایی دەوێت لەوەی کە جارێکی دیکە لەلایەن ئەمریکاوە هێرش ناکرێتە سەری، هەروەها دەیەوێت سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی ئازاد بکرێت و سزا ئابوورییەکانی سەریشی هەڵبگیرێت، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا داوا دەکات تاران یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ڕادەست بکات".

بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکان

بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی لەبارەی وادەی فشارەکانەوە گوتوویەتی، "سزاکان و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا ماوەیەکی زیاتر دەخایەنێت تاوەکو تاران ناچار بکات سازشی زیاتر بکات لەسەر مێزی دانوستان".

فشاری دارایی و مووچەی سەربازانی ئێران

بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لەبارەی بارودۆخی دارایی تارانەوە، ئێران بەهۆی فشارە داراییەکان و ئەو سزایانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەسەریدا سەپاندوویەتی، بە ڕادەیەک لە قەیراندایە کە ناتوانێت مووچەی سەربازەکانی بدات؛ تاران لە وەزارەتی گەنجینە زیاتر دەترسێت وەک لە وەزارەتی جەنگ.

پێویستیی تاران بە پارەی کاش

بەرپرسانی ئەمریکی لەبارەی دانوستانکارانی ئێرانییەوە دەڵێن "ئێران لە دانوستانەکاندا سواڵی پارەی کاش لە جارێد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەرانی ئەمریکا دەکات و زیاتر پێویستی پێیەتی".

هەڵمەتی زۆرترین فشار

ئیدارەی ترەمپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی زۆرترین فشاردا، سزای بەسەر زیاتر لە 1 هەزار کەسایەتیی ئێران و کەشتی و فڕۆکەدا سەپاندووە و بازرگانیی نەوتی ئێران، بانکەکان، کڕینی چەک و تۆڕەکانی کەشتیوانیی کردووەتە ئامانج.

هۆکاری وەستانی بۆردوومانەکان

دوای 13 ڕۆژ بۆردوومانی لەسەریەک، ترەمپ لەبارەی وەستاندنی هێرشەکانەوە ڕایگەیاند، هێرشەکانی سەر ئێرانی وەستاندووە بۆ ئەوەی دەرفەت بدات بە دیپلۆماسی، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا جەنەڕاڵ دان کەین، سوپاسالاری ئەمریکا، هۆشداریی پێداوە لە کەمبوونەوەی کۆگا مووشەکییەکانیان لە ئەگەری بەردەوامیی شەڕدا، بەو هۆیەشەوە ترەمپ هێرشەکانی ڕاگرتووە.

ئاستی فرۆشی نەوتی ئێران

بە پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی ئەمریکاوە، بە گوتەی بریت ئیریکسن کە شڕۆڤەکارێکی ناوەندی ئابووریی ئۆبسیدیانە، ئێران لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵدا بە بەهای نزیکەی 23 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە، لە کاتێکدا بەگوێرەی داتاکان لە کاتی ئاسایشدا هەر بە نزیکەی لە 6 مانگدا ئەو بڕەی فرۆشتووە.

شکستی ستراتیژیی جەنگی ئابووری

ئیریکسن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی ڕێبازی ئەمریکاوە نووسیویەتی، شەڕی ئابووری ڕێبازێکی شکاوە و لەگەڵ ئێراندا سەر ناگرێت.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا