وەزيری بەرگریی ئيسرائيل: پێمانخۆشە هێرش بکەينە سەر ئێران بەڵام واشنتن ڕازی نييە

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی ئاگربەستدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهێناوە، هاوکات جەخت لە داڕمانی توانای سەربازیی تاران دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە پێیانخۆشە هێرش بکەنە سەر ئێران، بەڵام واشنتن ڕازی نییە و گوتیشی، واشنتن و تاران بەرەو مێزی دانوستان و دیپلۆماسی هەنگاو دەنێن.

بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانەوە ڕایگەیاند، لە ماوەی ئاگربەستدا فڕۆکەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە فڕیون و هێرشیان کردووەتە سەر ئێران.

ئاگاداریی تاران لە هێرشەکان

ئیسرائیل کاتز لەبارەی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانەوە لە دیمانەیەکی کەناڵ14ـی ئیسرائیلیدا گوتی، "فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیلەوە هەستاون بۆ لێدانی ئێران و ئێرانییەکانیش ئەمە دەزانن".

هاوسەنگیی بەرژەوەندییەکانی واشنتن

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەبارەی بەرژەوەندییەکانی واشنتنەوە ڕایگەیاند، "ئەمریکا بەرژەوەندیی لە ئێراندا هەیە و لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل زیاترە لەو وڵاتە".

هەڵسەنگاندنی هێزی سەربازیی ئێران

ئیسرائیل کاتز لەبارەی توانای ئێستای ئێرانەوە گوتی، ئێستا ئەو ئیمپراتۆریەتە خۆبەزلزانەی کە هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیلی دەکرد، داڕماوە.

ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەبارەی تۆڵەکردنەوەوە ڕایگەیاند، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل، ئەوا بەوپەڕی هێزەوە تەلئەڤیڤ تۆڵەی خۆی دەکاتەوە و ئامادەن بۆ لێدان لە ئێران.

ڕێککەوتنی 17ی حوزەیران و دۆخی دەریاوانی

ئەمریکا و ئێران لە 17ـی حوزەیراندا ڕێککەوتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کرد و لە دوای ئەو وادەیەوە هاتووچۆی دەریایی دەستی پێ کردەوە، بەڵام ڕێککەوتنەکە کۆتایی بە هێرشەکان نەهێنا.

ململانێکان لە گەرووی هوورمز

لە سەرەتای ئەم مانگەوە بۆ ماوەی 13 ڕۆژ لەسەر یەک لە وەڵامی هێرشی ئێراندا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، ئەمریکا ناوچە کەناراوییەکانی ئێرانی لە گەرووی هوورمز دەکردە ئامانج و لە وەڵامدا تاران وڵاتانی کەنداوی بۆردوومان دەکرد.

هەوڵەکان بۆ دیپلۆماسی و دانوستان

لە ڕۆژی هەینییەوە هێرشەکانی ئەمریکا ڕاگیراون و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، ئێران داوای دانوستانی لێ کردوون و دەیەوێت دەرفەتێک بدەن بە دیپلۆماسی.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا