ئێران: لە کاتی جەنگدا 230 ملیۆن مەتر سێجا بەرهەمهێنانی غازمان کەمیکرد

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران
فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران

گوتەبێژی حکومەتی ئێران زیانە بەرکەوتووەکانی کەرتی وزەی وڵاتەکەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەرهەمهێنانی غاز 230 ملیۆن مەتر سێجا کەم بووەتەوە و ئێستا ڕۆژانە 100 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنن، هاوکات جەخت لە پێویستیی بەپەلەی تاران بۆ دراوی بیانی دەکاتەوە تا بتوانێت کورتهێنانی بەنزین، دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بازاڕەکاندا پڕ بکاتەوە.

پێویستیی تاران بە دراوی بیانی بۆ هاوردەکردنی پێداویستییەکان

گوتەبێژی حکومەتی ئێران لەبارەی زیانەکانی جەنگ و پێویستیی وڵاتەکەی بە دراوی بیانی گوتی، "هێرشەکانی دوژمن بە ئامانجی کەمکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی وڵات بوو، سەرەڕای ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگەوە بەرمان کەوتوون، ئێستا ڕۆژانە لە وڵاتەکەمان 100 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە دراوی بیانی هەیە بۆ دابینکردنی بەنزینی هاوردە، دابینکردنی کەلوپەلی سەرەتایی و دەرمان و کەرەستەی خاو بۆ ناوەندەکانی بەرهەمهێنان".

کاریگەریی کەمبوونی سووتەمەنی لەسەر وێستگەکانی کارەبا

موهاجەرانی لەبارەی کاریگەریی کەمبوونەوەی سووتەمەنی لەسەر وێستگەکانی کارەبا دەشڵێت، ئەم کەمکردنەوەیە لە بەرهەمهێنانی غاز و بەنزین، کاریگەری لەسەر سەرچاوەی پاڵاوگەکان و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا هەبووە و گوتیشی، "لە کاتی جەنگی سەپێنراودا بەشێک لە توانای بەرهەمهێنانی غاز لە وڵاتەکەمان لەدەستدا، نزیکەی 230 ملیۆن مەتر سێجا توانای بەرهەمهێنانی غازمان کەم کرد، ئەم کەمکردنەوەیەش کاریگەری لەسەر سەرچاوەی پاڵاوگەکان و سووتەمەنیی وێستگەکانی کارەبا هەبووە، بۆیە ئەم بابەتە پرسێکی جددییە لای ئێمە و سەرۆککۆماریش زۆر جەختی لێ دەکاتەوە".

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا