وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا وەڵامی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەداتەوە

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لێدوانێکى ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق "بەناڕاست و بێ بەڵگە"ناودەبات و لەبارەى ئەوەى ئۆکرانیا لە چالاکی نایاسایی لە خاک تێوەگلاوە.

ڕەتکردنەوەی دەستگیرکردنی شانەیەکی ئۆکرانی لە خاکی عێراقدا

قاسم عەبودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیى عێراق لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە باسیلەوەکردبوو شانەیەکی ئۆکرانی دەستگیرکراون کە کاریان بۆ بەرژەوەندیی ئۆکرانیا لەناو خاکی عێراق کردووە و ژمارەیەک هێرشیشیان کردووە.

هەڵوێستی حکومەتی ئۆکرانیا

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت "هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەو تۆمەتانە نییە و لێدوانێکی لەم جۆرە لە کەسایەتییەکی باڵای ناو حکومەت بڵاوبووەتەوە لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق هیچ نیگەرانییەکی لەم جۆرە نەگەیاندووە بە حکومەتی کیێڤ، بەڵکو حکومەتی ئۆکرانیا لە دیمانە تەلەفزیۆنەکەوە ئاگاداری ئەم بابەتە بووە".

"لێدوانەکە هیچ بەڵگەیەکی لەسەر بڵاونەکراوەتەوە"

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئاماژەى بەوەکردووە قبوڵی ناکەن بەشێوەیەکی نابەرپرسیارانە بەرپرسێکی باڵای وڵاتێکی هاوڕێ بەمجۆرە لێدوانێک بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک بڵاوبکاتەوە، ئەمە دژی ڕێزی نێوان هەردوو وڵاتە و زیان بە پەیوەندییەکان دەگەیێنێت.

عێراق وەک هاوبەشێکی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەروەها باسیلەوەکردووە، ئەوان عێراق وەک هاوبەشێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەماشا دەکەن و سووریشن لەسەر ئەوەی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و مرۆییەکانیش لە نێوان هەردوو وڵات بەرەوپێش بەرن.

سەیرکردنی لێدوانەکە وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئۆکرانیا و عێراق

لە کۆتایشدا وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا دەڵێت، ئەم پروپاگەندانە هاوتەریبی لێدوانەکانی ڕووسیایە کە ئامانجی تێکدانی پەیوەندییەکانی ئۆکرانیایە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هەوڵێکە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئۆکرانیا و عێراق.

ئۆکرانیا داوای بەدواچوون دەکات بۆ تۆمەتەکان

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکات، بەدواداچوون بکەن لە بڵاوبوونەوەی ئەم تۆمەتانە" و ڕێگەش بگرن لەوەی دەزگا و دامەزراوەی حکومەت بەکاربهێنرێت لە بەرژەوەندی لایەنی سێیەم بۆ تێکدانی پەیوەندییەکان.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا