لیژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا یاسای "پێریستیانی – ڤینیسیۆس" ڕەت دەکاتەوە

نەورۆز عوسمان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لیژنەی تەکنیکیی ناوبژوانان لە ئیسپانیا ڕەتی کردەوە یاسای ناسراو بە "پریستیانی – ڤینیسیۆس" لە وەرزی نوێدا جێبەجێ بکات. لیژنەکە ڕێنماییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا جێبەجێ دەکات، نەک گۆڕانکارییە نوێیەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان.

بەپێی ڕۆژنامەی «ئابۆلا»ی پۆرتوگالی، کەمپی لیژنەی ناوبژیوانان لە ناوچەی ئاستۆریاس ئەنجام دراوە و بڕیارەکەش هەر لەوێ بە ڕەزامەندیی سەرجەم ئەندامانی لیژنە ئیسپانییەکە دەرکراوە.

یاساکە داوای دوورخستنەوەی (کارتی سوور) بۆ هەر یاریزانێک دەکات کە بە ئەنقەست دەمی دابپۆشێت لە کاتی قسەکردن لەگەڵ ناوبژیوان یان ڕکابەرەکانیدا، بەڵام فران سۆتۆ، سەرۆکی لیژنەکە ڕوونی کردەوە کە ناتوانرێت ئەوە بسەلمێنرێت کە داپۆشینی دەم بۆ شاردنەوەی سووکایەتیکردنە، چونکە زۆر جار لە قسەکردنی تەکتیکیدا بەکار دێت.

لە بەرامبەردا، لیژنەکە ڕێکاری توندی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاتکوشتن گرتووەتە بەر، داوایەکی فەرمیی پێشکەشی (IFAB)کردووە بۆ جێبەجێکردنی سزایەکی نوێ بۆ ئەو گۆڵپارێزانەی بە پاساوی پێکان کات دەکوژن و بەپێی پێشنیازەکە، ئەو تیمە ناچار دەکرێت بۆ پێنج خولەک بە 10 یاریزان یاری بکات.

جگە لەوەش، ڕێنمایییەکان چاودێرییەکی توندتر لەسەر کاتی جێبەجێکردنی ئاوت، دیاریکردنی زۆرترین کات بە 10 چرکە بۆ گۆڕانکارییەکان، هەروەها هێشتنەوەی یاریزانی چارەسەرکراو لە دەرەوەی یاریگا بۆ خولەکێک دەگرێتەوە، هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە تەکنەلۆجیای «VAR» تەنیا لە هەڵە ڕوونەکاندا دەستوەردان دەکات.

نەورۆز عوسمان

2 کاتژمێر پێش ئێستا