لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەبارەى هێرشە درۆنییەکەى سەر سعودیە پێکهێنرا
بەرپرسێکی باڵای عێراق لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دەزگای هەواڵگری بە سەرۆکایەتیى عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی ڕاگەیێنراوەکەی سعودیە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنى عێراق بەوەى لە خاکى عێراقەوە هێرشى درۆنى کراوەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانى.
پێشنیازی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی عێراق و سعودیە
بەرپرسە باڵاکەى عێراق بە ڕۆژنامەى (عەرەبى جەدید)ـی لەندەنیی گوتووە، لیژنەکە دەستبەجێ پەیوەندیی بە لایەنی سعودیەوە کردووە و داوای زانیاری لێکردوون کە یارمەتیدەر بن لە ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی هێرشەکە، لەوانە: وێنەی ئاسمانی، یاخود پارچەی ئەو فڕۆکانەی کە خراونەتە خوارەوە، هاوکات عێراق پێشنیازی بۆ سعودیە کردووە کە پێکەوە بەشداری لە لێکۆڵینەوەکەدا بکەن.
پەیوەندی تەلەفۆنی لەسەر ئاستی باڵا
جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، لەسەر ئاستى باڵا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەنێوان بەرپرسانی ئەمنیی عێراق و سعودیە ئەنجامدراوە.
ئاشکراکردنی وردەکارییەکان و گوێنەدان بە ئەنجامەکان
ئەو بەرپرسە ڕوونیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە بەردەوامن و سەرۆکوەزیران فەرمانی کردووە وردەکارییەکانی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێن، بێ گوێدانە ئەنجامەکان.
کاردانەوەکانی بە ئامانجگرتنی سعودیە
بە ئامانجگرتنى دامەزراوە نەوتییەکانى سعودیە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە و عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی لێکۆڵینەوەى لەو هێرشە درۆنییانە کرد، کە سعودیە بانگەشەى ئەوە دەکات لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەى وڵاتەکەى کراوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کردووە، لێکۆڵینەوە لەو ڕاگەیێنراوەی وەزارەتی بەرگریی سعودیە بکەن، کە باسلەوە دەکات، لە ڕێگەی درۆنەوە لە خاکی عێراقەوە وڵاتەکەیان کراوەتە ئامانج.
لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوە لەو بەڵگە و زانیارییانە دەکەن و ڕێکاری یاسایی دژی هەر کەسێک دەگرنەبەر، کە ئەو کارانە ئەنجامبدات و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەربکەوێت تێوەگلاون.
ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی سعودیە لە لایەن بەرەی مقاوەمەی ئیسلامییەوە
دوابەدواى ڕاگەیێنراوەکەى نووسینگەى ڕۆژنامەوانیى سەرکوەزیرانى عێراق، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕاگەیێنراوێکى تووندى بڵاوکردەوە و تۆمەتەکانی سعودیەى بۆ ئاڕاستەکردنی درۆن بۆسەر دامەزراوە نەوتییەکان ڕەتکردەوە.
هۆشداری بەرەی مقاوەمە بۆ سعودیە
مقاوەمەى ئیسلامى لە ڕاگەیێنراوەکەدا هۆشداریى ئەوەیدا بەو وڵاتە، کە هەر کاردانەوەیەک بەرامبەریان بکرێت وایان لێدەکەن پەنجەی پەشیمانی بگەزن.
ڕۆژى دووشەممەی ئەم هەفتەیە، وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشكرایکرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان رێگریی لە ژمارەیەک درۆن کردووە کە لە عێراقەوە هەڵدراون.
هێرشەکە لە کاتێکدایە کە بڕیارە عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕۆژى پێنجشەممە سەردانى عەرەبستانی سعودیە بکات و لەگەڵ شازادەى ئەو وڵاتە و بەرپرسانى باڵا گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات بکات.
1 کاتژمێر پێش ئێستا