عەلی زەیدی: چەندین ڕێککەوتنمان لەگەڵ تورکیا واژۆکردووە

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ساتی گەیشتنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هۆڵی کۆبوونەوەی فراوانی شاندی باڵای هەردوو وڵات
ساتی گەیشتنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هۆڵی کۆبوونەوەی فراوانی شاندی باڵای هەردوو وڵات

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ تورکیا تەنیا پڕۆتۆکۆلیی نەبووە، بەڵکو بۆ نوێبوونەوە و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانیانە و چەندین ڕێککەوتنی جۆراوجۆریان واژۆ کردووە، هاوکات ڕەجەب تەیب ئەدۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا  ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا بە تەواوی پشتیوانیی لە کابینەکەی زەیدی دەکات و پێکەوە پەیوەندییەکان بەرەو پێشەوە دەبەن.

دەستکردن بە کارکردن لە رێگەی گەشەپێدان

زەیدی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا گوتی، "لەئێستاوە دەستدەکەن بە کارکردن لە ڕێگەی گەشەپێدان".

بواری ڕێککەوتنەکان لەگەڵ تورکیا

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ تورکیا کراون، بۆ بوارەکانی وزە، گواستنەوە، فێرکردن و ئاوە.

پەیوەندییەکان پەیوەندی هاوبەش و برایەتی بێت

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا گوتی " سەردانەکەمان بۆ تورکیا تەنیا سەردانێکی پرۆتۆکۆلیی نەبووە، بەڵکو بۆ نوێبوونەوە و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان بوو، کە چەندین سەدەیە بەردەوامە، لەگەڵ تورکیا هاوبەشیمان لە جوگرافیا، شارستانی و ئاودا هەیە، لەم سەردانە چەندین ڕێککەوتنمان لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە، فێرکردن، ئاو و هەتا دوایی کردووە، هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین و پەرەی پێبدەین، دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان، پەیوەندی هاوبەشی و برایەتی بێت، هەروەها لەئێستاوە دەست بە کارکردن دەکەین لە ڕێگەی گەشەپێدان، لەگەڵ سەرۆکدا باسم لەوەکرد، ئێمە دوو ڕووباری سروشتیمان هەیە، با دەستبکەین بە دروستکردنی ڕووباری سێیەم، کە ئەویش ڕێگەی گەشەپێدانە".

پشتیوانیکردنی تەواوی عەلی زەیدی

 هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە و کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و زیادکردنی هەماهەنگییەکانیان کردووە.

ئەدۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا بە تەواوی پشتیوانیی لە کابینەکەی زەیدی دەکات و پێکەوە پەیوەندییەکان بەرەو پێشەوە دەبەن.

بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکان

سەرۆککۆماری تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی " بڕوام بەوە هەیە دەتوانین لەگەڵ بەڕێز زەیدی پەیوەندییەکانمان بەرەو خاڵی باشتر ببەین. وەک تورکیا ئامادەین پشتیوانیی لە بەڕێز زەیدی بکەین بۆ هەر پێویستییەک. لەسەر بنەمای برایەتییمان گفتوگۆمان لەبارەی بابەتەکان کرد. کۆمەڵێک ڕێککەتنمان واژۆ کرد، کە دەتوانن پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەن. بەداخەوە عێراق لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەریی جەنگی ئێرانی بەسەرەوەیە. ناوچەکەمان ئیتر پێویستی بە گەشەکردنە نەک تیرۆر و شەڕ."

عێراق و تورکیا باجی قورسی تیرۆریان داوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە درێژەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، پێکەوە کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی دەکەن، کە ئەنقەرە بە تورکیای بێتیرۆر ناوی دەبات.

ئەدۆغان باسی لەوەش کرد، عێراق و تورکیا لە چەند دەیەی ڕابردوودا، باجی قورسی تیرۆریان داوە.

جەختکردنەوە لە تورکیای بێتیرۆر

لەو بارەیەوە ئەردۆغان گوتی " بۆ ئەوەی بتوانین پڕۆسەی تورکیای بێتیرۆر و تێڕوانینمان بۆ ناوچەی بێتیرۆر بکەین بە ڕاستی لەگەڵ برا عێراقییەکانمان لە گفتوگۆی نزیکداین. پشتیوان بە خودا هەردوو وڵاتمان دەتوانین ئەم پرسە لە ڕۆژەڤمان نەهێڵین، کە تورکیا و عێراق بەهۆیەوە باجی قورسیان داوە ."

واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی فراوانە لە بواری وزەدا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە گرنگیی ڕێککەوتنی نەوتیی لەنێوان وڵاتەکەی و عێراق کرد و گوتی، ئامانجی هەردوو وڵات واژۆکردنی، ڕێککەوتنێکی فراوانە لە بواری وزەدا.

 هەناردەکردنی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ تورکیا

ئەردۆغان لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا گوتی، عەلی زەیدی بەڵێنی داوە، ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی تورکیا بکات، بەو جۆرەش تورکیا پێویستی بە وڵاتی دیکە نییە.

دەربارەی ئەو بەڵێمی هەناردەکردنی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ تورکیا ئەردۆغان گوتی " لە ڕۆژی 27ـی مانگەوە، ڕێککەوتنی نەوتیی خاوی تورکیا و عێراق کۆتاییهات، ئێستا ئامانجمان ئەوەیە، واژۆی ڕێککەوتنێکی فراوان لە بواری هەماهەنگیی وزەدا بکەین، ڕێککەوتنێک کە سوودی هەردوولای تێدا بێت. ئەو ڕێککەوتنەی ئەمڕۆ واژۆمان کردووە، لە بواری وزەدا، هەنگاوێکی مێژووییە."

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا