بەرپرسانی ئەمريکا: سزاکان لە بۆمبەکان زياتر زيان بە ئێران دەگەيەنن
بەرپرسانی ئەمريکا پێيانوايە سزا ئابوورييەکانی سەر ئێران کە سەرنجێکی ئەوتۆی جيهانی لەسەر نييە کاريگەری زياترە لە بۆردوومانەکانی سەر تاران و زيانی زۆری پێگەياندوون، بە ڕادەيەک دەڵێن ئێران لە وەزارەتی گەنجينەی ئەمريکا زياتر دەترسێت وەک لە وەزارەتی جەنگ.
بەڵام، شڕۆڤەکارانی ئابووری پێيانوايە کە شەڕی ئابووری لەگەڵ ئێراندا ڕێبازێکی شکستخواردووە و سەر ناگرێت.
"ئێران دووچاری قەيرانی ئابووری قوڵ و کەمی بەنزين بووە"
بەگوێرەی زانيارييەکان، قەيرانێکی ئابووری قوڵ ئێرانی گرتووەتەوە و لەکاتێکدا يەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە نەوت لە جيهاندا ، بەڵام بەدەست کەمی بەنزينەوە دەناڵێنێت.
بەرپرسێکی ئەمريکی بە پێگەی ئەکسيۆسی گوتووە، ئێرانييەکان دەيانەوێت هێرش و بۆردوومانەکانی سەر وڵاتەکەيان بوەستێت و بۆ يەکەمجارە لە دانوستانەکاندا لە پێش هەموو شتێکەوە پارەيان دەوێت.
قسەکردن لەگەڵ نێوەنگیرەکان
لە ئێستادا،هەردوولا قسە لەگەڵ نێوەندگران دەکەن، بە سەرۆکایەتی عوممان، قەتەر و پاکستان، کە هەوڵدەدەن ئاگربەستێکی نوێ بهێننە ئاراوە.
بە دەستهێنانی داهات لە هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز
یەکێک لە سەرنجە سەرەکییەکانی دانوستانەکان پێشنیازێکە کە دەسەڵات دەدات بە ئێران و عوممان داهات بەدەستبهێنن لە بەڕێوەبردنی هاتووچۆی کەشتيوانی لە گەرووی هوورمز.
ئێران پێویستی بە دڵنیاییە
ئەو بەرپرسە ئێرانييە دەڵێت، "ئێران دڵنیایی دەوێت لەوەی کە جارێکی دیکە لەلایەن ئەمریکاوە هێرش ناکرێتە سەری، هەروەها دەيەوێت سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی ئازادبکرێت و سزا ئابوورييەکانی سەريشی هەڵبگيرێت، لە بەرامبەريشدا ئەمريکا داوا دەکات تاران يۆرانيۆمە پيتێندراوەکەی ڕادەست بکات.
بەردەوامی سزاکان بە ئامانجی سازش
بەرپرسێکی ديکەی ئەمريکی گوتوويەتی ، "سزاکان و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا ماوەيەکی زیاتر دەخایەنێت تاوەکو تاران ناچاربکات سازشی زياتر بکات لەسەر مێزی دانوستان".
سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا ئێرانی هەراسانکردووە
بەگوێرەی زانيارييە هەواڵگرييەکانی ئەمريکا، ئێران بەهۆی فشارە داراييەکان و ئەو سزايانەی وەزارەتی گەنجينەی ئەمريکا بەسەريدا سەپاندوويەتی بە ڕادەيەک لە قەيراندايە کە ناتوانێت مووچەی سەربازەکانی بدات، تاران لە وەزارەتی گەنجينە زياتر دەترسێت وەک لە وەزارەتی جەنگ.
بەرپرسانی ئەمريکی دەڵێن "ئێران لە دانوستانەکاندا سواڵی پارەی کاش لە جارێد کوشنەر و ستيڤ ويتکۆف نوێنەرانی ئەمريکا دەکات و زۆر پێويستی پێيەتی".
سەپاندنی سزا بەسەر زیاتر لە هەزار کەسایەتی ئێرانیدا
ئيدارەی ترەمپ لە چوارچێوەی هەڵمەتی زۆرترین فشاردا سزای بەسەر زیاتر لە هەزار کەسايەتی ئێران و کەشتی و فڕۆکەدا سەپاندووە و بازرگانی نەوتی ئێران، بانکەکان، کڕینی چەک و تۆڕەکانی کەشتیوانیی کردووەتە ئامانج.
کەمبوونەوەی کۆگا مووشەکییەکانی ئەمریکا
دوای 13 ڕۆژ بۆردوومانی لە سەريەک ترەمپ ڕايگەياند، هێرشەکانی سەر ئێرانی وەستاندووە بۆ ئەوەی دەرفەت بدات بە ديپلۆماسی، بەڵام بە گوتەی بەرپرسانی ئەمريکا جەنەڕاڵ دان کەين سوپاسالاری ئەمريکا هۆشداری پێداوە لە کەمبوونەوەی کۆگا مووشەکييەکانيان لە ئەگەری بەردەوامی شەڕدا بەو هۆيەوە ترەمپ هێرشەکانی ڕاگرتووە.
بە پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی ئەمريکاوە بە گوتەی بريت ئێريکسن کە شڕۆڤەکارێکی ناوەندی ئابووری ئۆبسيديانە ، ئێران لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵدا بە بەهای نزيکەی 23 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە، لە کاتێکدا بەگوێرەی داتاکان لە کاتی ئاسايشدا هەر بە نزيکەی لە شەش مانگدا ئەو بڕەی فرۆشتووە.
ئێريکسن لە تۆڕی کۆمەڵايەتی ئێکس نووسيوويەتی، شەڕی ئابووری ڕێبازێکی شکاوە و لەگەڵ ئێراندا سەر ناگرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا