بازرگانێکی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەر لە بەغداد بە زیندانی هەتاهەتایی سزادرا

دادگای تاوانەکانی کەرخ سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ تۆمەتبارێکی مادەی هۆشبەر دەرکرد
دادگای تاوانەکانی کەرخ سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ تۆمەتبارێکی مادەی هۆشبەر دەرکرد

ناوەندی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی دادوەریی نێودەڵەتی ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغداد، بازرگانێکی ماددەی هۆشبەری بە زیندانی هەتاهەتایی و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەکانی سزاداوە.

یەکێک بووە لە گەورەترین داواکراوەکان لە عێراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی

ئەو تاوانبارە ناوی کازم مالیک حەمەدە، یەکێک بووە لە گەورەترین داواکراوەکان لە عێراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەرپرسیاری هاوردەکردنی ماددەی هۆشبەر بووە بە بڕی زۆر بۆ عێراق و ئوسترالیا، هەروەها مامەڵەی بە هیرۆینەوە کردووە.

پەیوەندی لەگەڵ گرووپێکی تاوانی ڕێکخراوی سنووربڕ

بەگوێرەى ناوەندى نیشتمانی بۆ هەماهەنگی دادوەریی نێودەڵەتی، ئەو تاوانبارە پەیوەندی لەگەڵ گرووپێکی تاوانی ڕێکخراوی سنووربڕەوە هەبووە، کە بە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، سپیکردنەوەی پارە، کوشتن، ڕفاندن و تووندوتیژی ڕێکخراو تێوەگلاون.

کازم مالیک حەمەد، ساڵی 2023 لە ئوسترالیاوە دیپۆرتی عێراق کراوەتەوە، سەرتای ئەمساڵیش لەسەر داواکارییەکی فەرمیی ئوسترالیا دەستگیرکراوە.