فوئاد حسێن: نەخشەڕێگەی گواستنەوە و بازرگانيی جیهانی جارێکی دیکە دادەڕێژرێتەوە
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند، تورکیا خاوەنی ژێرخانێکی بەرچاوە لە بواری پیشەسازی، گواستنەوە و وزە. بۆیە عێراق دەتوانێ هەڵسەنگاندنی بۆ هەمووی هەبێت و کەڵکیان لێ وەربگرێت. ڕاشیگەیاند "نەخشەڕێگەی گواستنەوە و بازرگانيی جیهانی جارێکی دیکە دادەڕێژرێتەوە".
ئاماژە بە لێکتێگەیشتنە واژۆکراوەکانی نێوان هەردوو وڵات
فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی خاوەنکارانی تورکیا – عێراق، کە لە هۆتێلێکی ئەنقەرە بەڕێوەچوو، لە وتارێکدا وێڕای ئاماژە بە پەیوەندییەکانی کولتووری، مێژوویی، برایانە و کۆمەڵایەتی نێوان تورکیا و عێراق، باسی لەوە کرد کە لە میانی ساڵانی 2024 و 2025، 39 لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆکرا.
گرنگیدان بە پەیوەندی درێژخایەن
فوئاد حسێن، ڕاشیگەیاند، حکومەتی نوێی عێراق گرنگی دەدات بە پەیوەندی درێژخایەن لە نێوان هەردوو وڵات و بە تایبەتیش گرنگیدان بە گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.
بەستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشى "تورکیا خاوەنی ژێرخانێکی بەرچاوە لە بواری پیشەسازی، گواستنەوە و وزە. عێراق دەتوانێت هەڵسەنگاندنی بۆ هەمووی هەبێت و کەڵکیان لێ وەربگرێت. پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە دەبەستێتەوە".
داڕشتنەوەی نەخشەڕێگەی گوستنەوە و بازرگانی
فوئاد حسێن، وێڕای ئاماژەدان بە قۆناغی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ئابووریی، سیاسەت و ئاسایش، لە ئاستی جیهانیدا، گوتی: "ئەمڕۆ نەخشەڕێگەی گواستنەوە و بازرگانی جیهانیی، خەریکە جارێکی دیکە دادەڕێژرێتەوە. ئێستا پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان گرنگترین پڕۆژەیە.
پەسەندکردنی ڕێککەوتنامەی ئاو
هەروەها، فوئاد حسێن، ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چالاککردنی ڕێککەوتننامەی ئاو لە نێوان تورکیا و عێراقی پەسەند کرد، گوتیشى، پشتیوانی لە وەبەرهێنەرانیش لەم هەفتەیەوە دەست پێ دەکات و کۆمپانیاکانی تورکیا دەست بەکار دەبن.
قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی
فوئاد حسێن، لە بارەی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق قسەی کرد و گوتی: "وەک دەزانن ئاستی قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا، گەیشتووەتە 14 ملیار و 341 ملیۆن و 727 هەزار دۆلار و چاوەڕوان دەکرێت ئەو ئاستە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتریش ببێت".
وەزیری دەرەوە عێراق، ڕایگەیاند، کۆسپی سەرەکی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی لە نێوانیان، کەمبوونی دەروازە سنوورییەکانە کە عێراقییەکان لەکاتی سەرداندا تووشی ئاستەنگی دەکات.
کارئاسانی بۆ وەرگرتنی ڤیزا بۆ عێراقییەکان
گوتیشی: "لەم ئاڕاستەیەدا وەک فەرمانی سەرۆککۆماریی، دەست بە کۆمەڵێک ڕێکار بۆ ئاسانکاری لە ڤیزا بۆ هاوڵاتییانی عێراق کراوە. جگە لەوە کۆمەڵە ڕێکارێکیش بۆ دەستەبەرکردنی پێویستییەکانی بانکی خەریکە جێبەجێ دەکرێت. گوتیشى، هەوڵەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ڕێگەیەکى زەمینی جێگرەوە بە ڕێگەی سووریاوە بۆ تورکیا، دەتوانێت یارمەتیدەری چارەسەری بەشێک لەم کێشە و کۆسپانە بێت".
فوئاد حسێن، ڕاشیگەیاند، کۆمپانیاکانی تورکیا لە ساڵی 2025دا، هەزار و 145 پڕۆژەیان لە عێراق بە بەهای 36.6 ملیار دۆلار جێبەجێ کردووە و عێراق سێیەمین گەورە بازاری جیهانە بۆ وەبەرهێنەرانی تورکیا.
وەزیری دەرەوەی عێراق، لە بارەی هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی کەرکووک - جەیهان'یش ڕایگەیاند: "عێراق پێداگرە بە زووترین کات پڕۆتۆکۆلی پەیوەندیدار واژۆ بکات بۆ ئەوەی پڕۆسەی گواستنەوەی نەوتی خۆی لە ڕێگەی تورکیاوە جێبەجێ بکات. لەو ڕوەشەوە کۆمپانیاکانی تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاویان دەبێت لەم بوارەدا".
28/07/2026