سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: گەندەڵکاران لە دەرەوەی عێراق هیچ پەناگەیەکی ئارامیان نییە
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند، گەندەڵکاران لە دەرەوەی عێراق هیچ پەناگەیەکی ئارامیان نییە و بە یاسا دوایان دەکەون تاوەکو پارەی گەلیان لێ وەردەگرنەوە.
جەنگی عێراق دژی گەندەڵی سنوور ناناسێت
محەممەد لامى، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، کە لە ئێستادا لەگەڵ شاندەکەى عەلى زەیدى لە تورکیایە، ڕایگەیاند، جەنگی عێراق دژی گەندەڵی سنوور ناناسێت، و دەستەکەیان هاوکاریی لەگەڵ تورکیا کردووە، بۆ پڕۆسەی گەڕاندنەوەی پارە دزراو و قاچاخەکان.
لامی لە پەیامێکدا بۆ گەندەڵکاران گوتى، هیچ حەشارگەیەکی ئارامیان نییە، لە هەرکوێ بن، و دەستی دادپەروەری دەگاتە سەریان.
جەنگی گەڕاندنەوەی سەروەتی عێراقییەکان بە سنوورەکانەوە ناوەستێت
گوتیشى، جەنگی گەڕاندنەوەی سەروەتی عێراقییەکان بە سنوورەکانەوە ناوەستێت، و هیچ دەوڵەتێکیش ناتوانێت پارێزگاری لە گەندەڵکاران بکات.
بەردەوامی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگى حوزەیرانەوە عێراق دەستیکردووە بە هەڵمەتى ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى و تاوەکو ئێستا تەنیا لە دۆسیەی عەدنان جومەیلیدا، دەست بەسەر زیاتر لە 200 ملیار دیناری عێراقی، 25 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، و 407 کیلۆگرام زێڕدا گیراوە؛ لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دەیان مۆڵک و هەژمارى بانکیی تۆمەتبارانی دیکە لە دەرەوە، لەو نێوەندەشدا دەست بەسەر 12 موڵکى هاوسەری ئوسامە حوسام بەڕێوەبەری پێشووی باجەکانى عێراق، د لە تورکیا گیرا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا