داهاتی سنووردار و نرخی بێسنوور؛ هەڵاوسان توانای کڕینی لە هەرێمی کوردستان قورسکردووە

ئارام قەرەداغی 1 کاتژمێر پێش ئێستا
هەڵاوسان لە کەلوپەل و خواردن
هەڵاوسان لە کەلوپەل و خواردن

بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمبوونەوەی توانای کڕین، هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی قورسی دارایی کردووەتەوە، کە تێیدا خەرجیی مانگانەی خێزانێک بۆ خۆراک گەیشتووەتە دوو هێندەی ساڵانی ڕابردوو.

واتای سادەی هەڵاوسان و دۆخی ئێستای هەرێم

لە ڕووی ئابوورییەوە "هەڵاوسان" بە واتای بەرزبوونەوەی نرخ و کەمبوونەوەی توانای کڕین دێت. بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو پارەیەی لە بەردەستیاندایە چیتر بەشی خەرجییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەیان ناکات. پاش قەیرانەکانی کارەبا و بەنزین، ئێستا نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵاوسانی ئابووری

چەندین هۆکار بوونەتە هەوێنی ئەم قەیرانە داراییە؛ یەکەمیان جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا"ی گومرگییە، دووەمیشیان لێکەوتە سیاسی و سەربازییەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانە. هەروەها دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار (کە ئێستا هەر 100 دۆلارێک بە نزیکەی 150 هەزار دینارە) هۆکارێکی تری سەرەکییە کە وایکردووە نرخەکان لە بازاڕدا جێگیر نەبن.

خەرجیی خێزان و جێگیریی داهات

کاتێک بەهای هەر 100 دۆلارێک 120 هەزار دینار بوو، خەرجیی مانگانەی خۆراکی خێزانێکی چوار کەسی بە 500 هەزار دینار دەخەمڵێنرا. بەڵام ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و گرانبوونی کاڵاکان، تێچووی خۆراکی هەمان خێزان گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن دینار، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاستی داهاتی خێزانەکان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

ڕۆڵی قۆرغکاری و هەوڵەکانی حکومەت

جگە لە هۆکارە دەرەکییەکان، قۆرغکاریی بازرگانان ڕۆڵێکی سەرەکی لە گرانبوونی نرخەکاندا دەگێڕێت. حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دیاریکردنی نرخ، چالاککردنی لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ و سزادانی سەرپێچیکاران ڕێگری لە گرانبوونی نرخ بکات، بەڵام ئەم هەوڵانە لە ئاستی قەبارەی هەڵاوسان و قۆرغکارییەکەدا نین و نەیانتوانیوە بازاڕ کۆنتڕۆڵ بکەن.

مووچە و وەستانی پلەبەرزکردنەوە

زۆربەی هاووڵاتییانی هەرێم بژێوییان لەسەر مووچەیە، بەڵام لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا پلەبەرزکردنەوە ڕاگیراوە و مووچەکان وەک خۆیان ماونەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە نرخی شمەک و کاڵاکان دوو بۆ سێ هێندە بەرزبوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ئاستی گوزەرانی مووچەخۆران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە خراپی بکات.

ئارام قەرەداغی

1 کاتژمێر پێش ئێستا