نهێنیی هەرزانیی بەنزین و نەوت لە عێراق و گرانییەکەی لە هەرێمی کوردستان چییە؟
جیاوازییەکی زۆر لە نرخەکانی سووتەمەنی و کاڵاکان لە نێوان شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەغدا سیستەمی "نرخی پاڵپشتیکراو" جێبەجێ دەکات و حکومەتی هەرێمیش پاڵپشتیی دارایی بۆ نرخەکان دابین ناکات.
جیاوازییەکانی نرخی بەنزین
لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بەپێی جۆر و کوالێتییەکەی گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و لە نێوان 1,200 بۆ 1,850 دیناردایە. ئەمە لە کاتێکدایە لە عێراق حکومەت بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن بە نرخی پاڵپشتیکراو دەداتە هاووڵاتییان و نرخەکەی لە نێوان 450 بۆ 850 دیناردایە. هەرچەندە لە هەرێم بەنزینی 750 دیناری هەیە، بەڵام دابینکردنی ئەم نرخە تەنیا بۆ ئەو پاڵاوگانەیە کە نەوتی خاوی پاڵپشتیکراو لە حکومەت وەردەگرن.
نرخی نەوتی سپی بۆ ماڵان
لە دابینکردنی نەوتی سپیشدا جیاوازییەکان بەدی دەکرێن. حکومەتی عێراق هەر لیترێک نەوت بە 150 دینار دەداتە هاووڵاتییان، کە تێچووی یەک بەرمیل دەکاتە تەنیا 30,000 دینار. لە بەرامبەردا لە هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی سپی دەبێت 105,000 دینار بدەن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ سەر بژێویی خێزانەکان دروستکردووە.
پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی
یەکێکی دیکە لەو پشتیوانییە داراییانەی حکومەتی عێراق ئەنجامی دەدات، پێدانی دۆلارە بە نرخی فەرمی (132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک) بە بازرگانان بۆ هاوردەکردنی کاڵاکان، ئەمەش یارمەتیدەرە لە نزم مانەوەی نرخەکان. بەڵام لە هەرێمی کوردستان بازرگانان دۆلاری فەرمییان پێ نادرێت، چونکە هەرێم تاوەکو ئێستا سیستەمی "ئەسیکۆدا"ی بە تەواوی جێبەجێ نەکردووە بۆ ڕێکخستنەوەی هاوردەکردن.
سیستەمی پاڵپشتی و کاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان
بە گشتی، حکومەتی عێراق لە چەندین کایەی جیاوازدا پشتیوانیی دارایی بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان دابین دەکات بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان. بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی ئەم پاڵپشتییە، نرخەکان لەسەر بنەمای بازاڕی ئازاد دیاری دەکرێن، ئەمەش وایکردووە تێچووی ژیان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوەڕاست و باشووری عێراق زۆر زیاتر بێت.
1 کاتژمێر پێش ئێستا