تێچوو و کاتی ڕاییکردنی مامەڵە گومرگییەکان لە هەرێم چەندە؟
حکومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک ڕێکاری توندی بۆ ڕێکخستنی پڕۆسەی هاوردە و هەناردەکردنی کاڵا و شمەک لە دەروازە سنوورییەکان جێبەجێ دەکات، کە تێیدا باج، ڕسوومات و پشکنینی کوالێتی بەپێی جۆری کاڵاکان دیاریکراون.
مەرجە بنەڕەتییەکان بۆ بازرگانان
بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارە گومرگییەکان، پێویستە داواکارییەکان لە ڕێگەی بریکارێکی یاساییەوە پێشکەش بکرێن کە خاوەنی بریکارنامەی فەرمی بێت. بازرگان دەبێت مۆڵەتی فەرمیی هاوردە و هەناردەکردنی کاڵای بازرگانیی هەبێت و پابەند بێت بە ڕێنمایی ژمارە 6ـی ساڵی 2016، کە تێیدا جەخت لە وەرگرتنی پشتگیری و ڕەزامەندیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکرێتەوە. بەپێی جۆری کاڵاکە، دەبێت ڕەزامەندیی لایەنە کشتوکاڵی، ڤێتێرنەری، تەندروستی، ژینگە و ئەمنییەکان بەدەست بهێنرێت.
بەڵگەنامە و پشکنینە پێویستەکان
یەکێک لە بەڵگەنامە سەرەکییەکان بوونی "مەنەفێستی هاتنەژوورەوە"یە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گواستنەوەی زەمینییەوە ئامادە دەکرێت و زانیاریی وردی لەسەر بڕ و جۆری کاڵا، وڵاتی بنەڕەت و ناوی بازرگانی تێدایە. پاشان کاڵاکان دەخرێنە ژێر چەندین پشکنینی جیاواز وەک: کوالێتی کۆنتڕۆڵ، کشتوکاڵی، فیزیایی، کیمیایی، ڤێتێرنەری و پشکنینی کەرەستەی بیناسازی، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە لە دەروازەکان ئەنجام دەدرێن.
ماوەی ڕاییکردنی مامەڵە گومرگییەکان
ماوەی پێویست بۆ تەواوکردنی ڕێکارە گومرگییەکانی هاوردەکردنی کاڵا بۆ ناو هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. ئەگەر پڕۆسەکە بە شێوەی سیستماتیک و ئەلیکترۆنی ڕێکخرابێت، تەنیا پێویستی بە 25 بۆ 30 خولەک هەیە، بەڵام لە بارودۆخە ئاساییەکان و دەر دەرەوەی سیستمەکە، ڕاییکردنی مامەڵەکان پێویستی بە نزیکەی 2 کاتژمێر هەیە.
تێچوو و ڕسووماتەکانی هاوردەکردن
بەپێی یاسای پێناسەی گومرگی ژمارە 22ـی ساڵی 2010، تێچووی پشکنین بۆ هەر بارهەڵگرێکی گەورە 17 دۆلار و بۆ بارهەڵگرێکی دوو تۆنی 9 دۆلار دیاریکراوە. سەبارەت بە باجی داهات، چوار ڕێژەی جیاواز (108%، 7%، 0.3%، 2.25%) بەپێی جۆری کاڵاکان جێبەجێ دەکرێن. هەروەها باجی هەناردەکردن بۆ سەرجەم کاڵاکان بە ڕێژەی 0.075% دیاریکراوە.
نرخی وەرگرتنی سامپڵ و خزمەتگوزارییە بانکییەکان
بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی کاڵاکان، ڕسووماتی وەرگرتنی سامپڵ بەم شێوەیە لە بازرگانان وەردەگیرێت:
سامپڵی خۆراک، کوالێتی کۆنتڕۆڵ، ڤێتێرنەری و کشتوکاڵی: هەر یەکێکیان 13 دۆلار.
سامپڵی سووتەمەنی هاوردە: 9 دۆلار.
سامپڵی کەرەستەی بیناسازی: 7 دۆلار.
عمولەی بانک و کرێی قەپان: هەر یەکێکیان 5 دۆلار.
بەهای فۆڕم: 3 دۆلار.
پولی دارایی: 2 دۆلار.
3 کاتژمێر پێش ئێستا