باوترین هۆکار و چارەسەرەکانی قەبزی
سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
د. محەممەد سەیدعەلی بەرزنجی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری، چەند هۆشیارییەک سەبارەت بە قەبزی بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.
قەبزی چییە؟
پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت'' قەبزی بریتییە لە ڕەقبوونی پیسایی و کەمبوونەوەی ژمارەی چوونە توالێت بۆ کەمتر لە سێ جار لە هەفتەیەکدا، یان بوونی ناڕەحەتیی زۆر لە کاتی چوونە توالێت''.
هۆکارەکانی قەبزی چین؟
پزیشکەکە دەڵێت '' دروستبوونی قەبزی چەندین هۆکاری هەیە''، لەوانە:
- بەکارهێنانی هەندێک دەرمان: وەک زۆر خواردنی پاڕاسیتۆڵ، پڕۆفین، ئەسپرین، دەرمانەکانی فێ (گەشکە)، پارکینسن و دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەکان
- ناچالاکیی ڕژێنی دەرەقی
- نەخۆشی شەکرەی درێژخایەن: بەتایبەت ئەگەر کۆنترۆڵ نەکراو بێت
- بەرزبوونەوەی ڕێژەی کالیسیۆم لە خوێندا
- شێوازی ژیان: کەمخواردنەوەی ئاو، کەمخواردنی سەوزە و میوە، نەبوونی جووڵە و وەرزش
هۆکارە ناوەکییەکان (کێشەکە لە خودی کۆڵۆن و ڕیخۆڵەدایە):
- ناچالاکیی کۆڵۆن یان تێکچوونی فرمانی ماسولکەکانی کۆم بۆ پاڵنانی پیسایی
- هەڵکشانی تەمەن: لاوازبوونی ماسولکەکانی سک و کۆڵۆن لەگەڵ تەمەندا (بەتایبەت ئەگەر لەگەڵیدا جووڵە و ئاو خواردنەوە کەم بێت)
- شێرپەنجەی کۆڵۆن: گومان لەم حاڵەتە زیاتر دەبێت ئەگەر چارەخوازەکە تەمەنی سەروو 50 ساڵ بێت و تازە تووشی قەبزی بووبێت
- چارەخوازەکە قەبزییەکی کۆنی هەبێت، بەڵام خراپتر ببێت و بە دەرمان چارەسەر نەبێت
- بوونی خوێن لە پیسایدا یان چارەخوازەکە کەمخوێنی هەبێت
قەبزی چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
د. محەممەد سەیدعەلی بەرزنجی دەڵێت '' لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەم پشکنینانەوە قەبزی دەستنیشان دەکرێت''، لەوانە:
- وەرگرتنی مێژووی نەخۆشیی چارەخوازەکە
- پشکنینی خوێن: وەک پشکنینی ڕژێنی دەرەقی، ڕێژەی کالیسیۆم، ئاستی شەکری خوێن و ڕێژەی خوێن
- ناوبینیی کۆڵۆن
چارەسەرەکانی قەبزی چین؟
پزیشکەکە دەڵێت '' قەبزی چەندین چارەسەری جۆراوجۆری هەیە''، لەوانە :
- ڕێکخستنی کاتی چوونە توالێت : دوا نەخستنی چوونەتوالێت لە کاتی هەستپێکردنیدا
- ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە شەش تاوەکو هەشت پەرداخ ئاو بخورێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە ڕەقبوونی پیسایی
- زۆر خواردنی سەوزە و میوە
- بەکارهێنانی دەرمانی قەبزی (نەرمکەرەوەی پیسایی) تەنیا لەکاتی پێویست و بەڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ بۆ ئەوەی دەرمانی گونجاو بۆ حاڵەتەکە دیاری بکرێت
سەروەر سالار
2 کاتژمێر پێش ئێستا