لە بۆردومانەکانی ئەمریکا و سعودیەدا زیاتر لە 10 ئەندامی حەشدی شەعبی کوژراون
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی فراوان کرایە سەر ژمارەیەک بنکەی حەشدی شەعبی لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی عێراق و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 10 ئەندامی حەشدی شەعبی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندارن.
ناوچە بە مانجگیراوەکان
هێرشەکان بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە هەریەک لە پارێزگاکانی بەسرە، واست، مەدائین لە بەغداد، حەمدانییە لە نەینەوا، بابل، ئامرلیی سەر بە سەڵاحەدین، کەربەلا، دیالە و شارۆچکەی دووبزی سەر بە کەرکووک بووە.
هێرشەکان و دیاریکردنی لایەنی بەرپرسیار
دەستەی حەشدی شەعبی لەبارەی کات و شوێنی دەستپێکی هێرشەکان ڕایگەیاند، کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، چەند جارێک هێرش کراوەتە سەر ناوچەی دێر لە بەسرە و هێرشەکان بۆ چەند جارێک بەردەوام بوو، دواتر لە شارۆچکەی سوێرە لە واست، کاتژمێر 3ی بەرەبەیان میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، لەلایەن ئەمریکا و هێزە چەکدارەکانی سعودیەوە هێرشەکان ئەنجامدراوە و ئەوان بەرپرسیارێتیی هێرشەکانیان هەڵگرت.
بە ئامانجگرتنی لیوای 30 و زیانە گیانییەکان لە نەینەوا
دواتر لە دەشتاییەکانی نەینەوا و شاری بەرتلەی سەر بە مووسڵ لیوای 30ی حەشدی شەعبی کرایە ئامانج و 5 ئەندامی حەشدی شەعبی کوژران، دواتر ناوچەی عەون لە کەربەلا کرایە ئامانج و میوانخانەیەکی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن کرایە ئامانج.
بینینی فڕۆکە جەنگییەکان و بەردەوامیی بۆردومانەکان
هێرشەکان بەردەوامییان هەبوو و لە کاتژمێر 4ی بەرەبەیاندا فڕۆکەکانی سعودیە لە ئاسمانی کەربەلا و بابل و نەجەف بینران و دواتر هێرش کرایە سەر بارەگاکانی حەشد لە شارۆچکەکانی دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک و ئامرلیی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، هێرشەکان بۆ سەر نەینەوا بەردەوامییان هەبوو، پاشان بنکەیەکی سەربازیی حەشد لە دیالە کرایە ئامانج، لە پاش کاتژمێر 5ی بەیانیی ئەمڕۆش، چەند هێرشێک کرایە سەر ناوچەی مەدائین لە بەغداد.
هەڵوێستی فەرمیی حەشدی شەعبی لەسەر هێرشەکان
دەستەی حەشدی شەعبی لەبارەی ناسنامەی هێرشەکان و لایەنی تۆمەتبار لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە بارەگا فەرمییەکانی هێزەکانیان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق تووشی هێرشی تیرۆریستیی خیانەتکارانە بوون، کە لەلایەن هێزە ئەمریکی و سعودییەکانەوە ئەنجامدرا.
وردەکاریی زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشەکان
دەستەی حەشدی شەعبی لەبارەی ئاماری زیانەکانەوە ڕایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی هێرشەکانەوە ژمارەیەک ئەندامیان "شەهید و بریندار بوون"، هەروەها زیانی ماددی بە ژمارەیەک باڵەخانە و موڵکی سەر بە دەستەکە کەوتووە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا