لە چ کاتێکدا پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار بکرێت؟

سەروەر سالار 4 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی ئەندامی مێشک
وێنەی ئەندامی مێشک

د. عەباس نەریمان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار، چەند ڕێنوێنییەک سەبارەت بە تەندروستیی مێشک بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.

'' مێشک تۆڕی سەرەکیی کۆنترۆڵکردنی فرمانەکانی سەرجەم جەستەیە ''

پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت ''مێشک تۆڕی سەرەکیی کۆنترۆڵکردنی فرمانەکانی سەرجەم جەستەیە. زۆربەی جار دەرکەووتنی هەندێک نیشانە بە سەرئێشەیەکی ئاسایی یان ماندوێتی دەزانین، بەڵام جەستەمان هەوڵ دەدات ئاگادارمان بکاتەوە لە بوونی نەخۆشییەک''.


لە چ کاتێکدا پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار بکرێت؟

پزیشکەکە دەڵێت '' لەکاتی بوونی ئەم حاڵەتانەدا پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار بکرێت''، لەوانە:

  1. لە کاتی بوونی سەرئێشەی بەردەوام یان سەرئێشەی لەناكاوی توند کە بە ئازارشکێنە ئاساییەکان چارەسەر نەبێت
  2. سەرگێژخواردن یان لەدەستدانی هاوسەنگی لەکاتێكدا ڕۆیشتندا
  3. سڕبوون یان سستبوونی لەناكاوی پەلەکان (دەست و قاچ) یان بەشێک لە دەموچاو
  4. تێکچوونی خەو یان دروستبوونی کێشە لە یادگە و سەرنجی کەسەکە
  5. تێكچوونی لەناكاوی بینین

ڕێنوێنیی بۆ چارەخوازان

د. عەباس نەریمان دەڵێت '' دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییە دەمارییەکان ڕێگەی سەرەکییە بۆ چارەسەری ئاسانتر و ڕێگری لە ئاڵۆزبوونی باری تەندروستیی کەسەکە دەکات''.

سەروەر سالار

4 کاتژمێر پێش ئێستا