مانوێل نۆیەر کاتی وازهێنانی لە یاریکردن ڕاگەیاند
مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی خاوەن ئەزموون و کاپتنی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، بۆ یەکەمجار بەئاشکرا باسی لە دیاریکردنی کاتی وازهێنانی لە یاریکردن کرد و جەختی لەوە کردەوە،کە وەرزی داهاتوو دوا وەرزی دەبێت لە یاریگاکاندا، بەوەش کۆتایی بە مێژوویەکی پڕشکۆ دەهێنێت کە 21 وەرزی لە خولی ئەڵمانیدا تێپەڕاندووە، لەنێویاندا 16 وەرز لەگەڵ یانە باڤارییەکە و پێنج وەرز لەگەڵ شالکە بووە.
نۆیەر لە ئێستادا تەمەنی 40 ساڵە، لە لێدوانەکانیدا کە ماڵپەڕی فەرمی رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرای کردووە ئاراستەی نزیکتر ئەوەیە لە کۆتایی گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2027 بە یەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت.
ئەو گۆڵپارێزە گەورەیە لە ساڵی 2014 نازناوی مۆندیالی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەدەستهێنا، نۆیەر ڕوونی کردەوە کە پێشتر لە کاتی دانوستاندنەکاندا بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە باڤارییەکە نزیک بووە لە بڕیاری وازهێنان و ئاماژەی بەوەدا بە ئەگەری لە 85٪ خولیای وازهێنانی هەبووە، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاریدا ماوەیەکی دیکەش ژیانی وەرزشی درێژ بکاتەوە.
نۆیەر دەیەوێت ژیانی وەرزشی خۆی بە شێوازێکی نموونەیی لە هاوینی داهاتوو کۆتایی پێبهێنێت، ئەوەش بە ئەنجامدانی یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا و ئارەزوو دەکات بۆ جاری سێیەم لە مێژووی خۆیدا نازناوە کیشوەرییەکە بەرز بکاتەوە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا