کەشناسی: پلەی گەرما لە بەشێک لە شارەکان دەگاتە 50 پلەی سیلیزی
شەپۆلێکی توندی گەرما ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و دەستەی کەشناسییش ڕایدەگەیەنێت، لە کۆتایی هەفتەدا پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز دەبنەوە.
بەردەوامیی شەپۆلی گەرما تاوەکو ڕۆژی شەممە
دەستەی کەشناسی عێراق لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئاسمانی وڵات بە گشتی ساماڵ دەبێت و شەپۆلێکی گەرما ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە. پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلە تاوەکو ڕۆژی شەممە بەردەوامی هەبێت و پلەکانی گەرما لە بەشێک لە شارەکان بگەنە 50 پلەی سیلیزی.
پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک
بۆ سبەی پێنجشەممە، پلەکانی گەرما لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبن: سلێمانی 43 پلە، دهۆک 45 پلە و هەولێر دەگاتە 46 پلەی سیلیزی. هەروەها لە پارێزگای کەرکووک پلەی گەرما بۆ 48 پلە بەرز دەبێتەوە.
ئاستی گەرما لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق
بەپێی پێشبینییەکان، سبەی پێنجشەممە پلەکانی گەرما لە زۆربەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور لە نێوان 47 بۆ 49 پلە دەبن. شارەکانی کەربەلا و نەجەف 47 پلە تۆمار دەکەن. لە هەریەکە لە بەغداد، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە، بابل، واست، دیوانییە، موسەننا و بەسڕە پلەی گەرما دەگاتە 48 پلە. بەرزترین پلەش لە پارێزگاکانی میسان و زیقار دەبێت کە 49 پلەی سیلیزییە.
گەیشتن بە پلەی "نیوە کوڵان" لە کۆتایی هەفتەدا
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، ڕۆژی هەینی پلەکانی گەرما جێگیر دەبن و نزیک دەبن لە ئاستەکانی ڕۆژی پێنجشەممە. بەڵام بۆ ڕۆژی شەممە، پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبنەوە و لە ناوچەکانی ناوەڕاست، خواروو و بەشێک لە ناوچەکانی نزیک لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، کە بە پلەی "نیوە کوڵان" هەژمار دەکرێت و بۆ ڕۆژانی دواتریش کاریگەرییەکەی بەردەوام دەبێت.
4 کاتژمێر پێش ئێستا