وەزارەتى دەرەوەى سعودیە: هێرشەکانى سەر عێراق وەک بەرگریکردن لە خۆ بووە
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لەبارەی هێرشە هاوبەشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ڕایگەیاند، ئەنجامدانی هێرشە هاوبەشەکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ سەر چەند ئامانجێکی دیاریکراو لە عێراق لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە وەک بەرگریکردن لەخۆ بووە.
ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان لە عێراق
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند ئامانجێکی دیاریکراویان لەناو خاکی عێراقدا پێکاوە، کە پەیوەندییان بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەوە هەبووە.
پاڵپشتیی یاسایی بۆ هێرشەکان
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هێرشەکان پشتبەستوون بە ماددەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە جەخت لەسەر مافی دەوڵەتان دەکاتەوە لە بەرگریکردن لە خۆیان.
هەڵوێستی ڕیاز بەرامبەر ئاڵۆزبوونی دۆخەکە
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لەبارەی ئاڵۆزبوونی گرژییەکانەوە ڕایگەیاند، سعودیە هەوڵ بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان نادات، بەڵام درێغی لە گرتنەبەری هەموو ڕێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و پاراستنی هاوڵاتییان ناکات.
زیانە گیانییەکانی هێرشەکە لەسەر حەشدی شەعبی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند بارەگایەکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و سعودیە کرانە ئامانج و حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەنجامی هێرشەکاندا لانیکەم 20 کەس کوژراون و 32 کەسیش بریندار بوون.
2 کاتژمێر پێش ئێستا