لەکاتی پێوەدانی ماردا ئەم ڕێنماییانەت لەبیربێت
گران جاف 1 کاتژمێر پێش ئێستا
پێوەدانی مار یەکێکە لە حاڵەتە کوشندە و باوەکان، گرنگە هاونیشتمانییان هۆشیاریی تەواویان هەبێت سەبارەت بە چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتانەدا و فریاگوزارییە سەرەتاییەکان بەباشی بزانن.
فریاگوزارییە سەرەتاییەکانی پێوەدانی مار
پێوەدانی مار حاڵەتێکی کتوپڕە و پێویستە دەستبەجێ چارەسەربکرێت، چونکە ژەهری مارەکە زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و ئیفلیجبوون، مەیینی خوێن یان شۆکی لێدەکەوێتەوە.
لەم کاتەدا ئەم ڕێنماییانە پەیڕەو بکە:
- شوێنێکی سەلامەت بدۆزەرەوە و هەوڵی کوشتنی مارەکە مەدە، بەڵام هەوڵ بدە ڕەنگ و شێوازی مارەکەت لە یاد بێت
- ئەو شوێنەی مارەکە گەستوویەتی نابێت بە هیچ جۆرێک بجوڵێت، بۆ نموونە ئەگەر دەستتی گەست، پێویستە ئەو دەستەت جێگیر بێت و نەجوڵێت، ئەمەش بۆئەوەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ژەهرەکە بکەیت
- ئەو کەسەی مار پێوەی داوە پێویستە ئارام بکرێتەوە، چونکە ترس و سترێس وادەکەن دڵ خێراتر لێبدات، بەمەش زووتر ژەهرەکە بە جەستەدا بڵاودەبێتەوە، باشتر وایە کەسەکە بە هیچ جۆرێک نەجوڵێت
- باشتر وایە ئەو قۆڵە بە باندجێک ببەسترێت، بەڵام نابێت ئەوەندە توند بێت کە چیدی ئەو قۆڵە خوێنی پێ نەگات، دواتر نابێت ئەو باندجە لێبکەیتەوە تاوەکو پزیشکێکی پسپۆڕ حاڵەتەکە دەبینێت
- بە زووترین کات کەسەکە بگەیەنرێتە نەخۆشخانە
گران جاف
1 کاتژمێر پێش ئێستا