لەکاتی پێوەدانی دووپشکدا ئاگاداری ئەم خاڵانە بە
لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی حاڵەتەکانی گەستنی دووپشک ماکی گەورەیان لێناکەوێتەوە، بەڵام هەندێک جۆری دووپشک دەکرێت کوشندە بن و بەهۆیەوە کەسەکە گیان لەدەست بدات.
ئەگەر دووپشک پێوەی دایت و نیشانەی توندت بۆ دروست نەبوو، واتە تەنیا ئازار و ئاوساوییەکی کەمت هەبوو لەشوێنی گەستنەکەدا، ئەم ڕێکارانە بگرەبەر:
- شوێنی گەستنەکە بە ئاو و سابوون بشۆ بۆئەوەی مەترسیی تووشبوونت بە هەوکردن کەم ببێتەوە
- خاولییەک بە ئاوی سارد تەڕ بکە و بیخە سەر برینەکە بۆ ماوەی 10 خولەک، پاشان بۆ 10 خولەک لایببە، بەمەش ئازار و ئاوسان کەمدەکەیتەوە
- باشتر وایە ئەو پەلەی گەستراوە بەرزبکرێتەوە، یان نەجوڵێنرێت، باشتر وایە لە ئاستی دڵدا بێت
- دەتوانیت پاراسیتامۆڵ یان پڕۆفین بۆ کەمکردنەوەی ئازار بەکاربهێنیت
- پاش گەستن باشترە ڕاستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکەیت و ڤاکسینی گەزاز لەخۆت بدەیت
ئەم هەڵانە مەکە:
- برینەکە مەبڕە و هەوڵی دەرهێنانی خوێن مەدە
- هەوڵی مژینی برینەکە مەدە، بەمە ژەهرەکە نایەتە دەرەوە
- تۆرنیکێت بەکارمەهێنە
- هیچ دەرمانێکی هێورکەرەوە مەدە بە کەسەکە
لەم کاتانەدا دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکە
ئەگەر تووشی گرژبوونی زۆری ماسولکە، جوڵەی نائاسایی چاو، تەڵخبوونی بینین، لیکی زۆر، قورسبوونی قوتدان بوویت.
یان ئەگەر تووشی خێرالێدانی دڵ، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، قورسیی هەناسەدان، کۆبوونەوەی شلە لە سییەکان بوویت.
یان ئەگەر تووشی ڕشانەوەی بەردەوام، ئارەقکردنەوەی زۆر، یان نیشانەکانی هەستەوەری وەکو پەڵە و ئاوساویی پێست و لێو و زمان و خیزەی سنگ بوویت، لە هەموو ئەم کاتانەدا پێویستە دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانە بکەیت.
1 کاتژمێر پێش ئێستا