دادگەی وەرزشیی بەڕازیل سزایەکی سەیری بەسەر یاریزانێکدا سەپاند

نەورۆز عوسمان 1 کاتژمێر پێش ئێستا

دادگەی وەرزشیی بەڕازیل سزای ڕاگرتنی بەسەر ڤیکتۆر گابریێلی بەرگریکاری یانەی ئینتەرناسیۆنالدا سەپاند تاوەکو ئەو کاتەی ئەو یاریزانەی تووشی پێکانی کردووە بە تەواوی چاک دەبێتەوە، دوای ئەوەی لە خولی ناوخۆیی بەڕازیل بەهۆی بەریەککەوتنێکی توندەوە ڕکابەرەکەی تووشی پێکانێکی قورس کرد.

گابریێل، یاریزانی یانەی ئینتەرناسیۆنال، چوارشەممەی ڕابردوو بە کارتی سوور دەرکرا، دوای ئەوەی لە ڕکابەرییەکدا بۆ وەرگرتنی تۆپ گابریێل بێکی یاریزانی ڕکابەری تووشی پێکانێکی قورس کرد. هێرشبەرەکەی یانەی کروزێرۆ تووشی شکانی ئێسکی قاچی چەپ بووە و چاوەڕوان دەکرێت سێ بۆ چوار مانگ لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە.

دوای دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکان، دادگەی باڵای وەرزشیی بەڕازیل بڕیاری دا گابریێلی تەمەن 22 ساڵ لانیکەم بۆ شەش یاری ڕابگیرێت، لەگەڵ درێژکردنەوەی سزاکە تا گەڕانەوەی بیک بۆ ڕاهێنانەکان، بە مەرجێک ماوەی ڕاگرتنەکە لە 180 ڕۆژ تێنەپەڕێت و بڕیارەکەش مافی تێهەڵچوونەوەی هەیە.

لای خۆیەوە، ڤیکتۆر گابریێل بەرگری لە خۆی کرد و ڕایگەیاند کە هیچ مەبەستێکی بۆ ئازاردانی ڕکابەرەکەی نەبووە، بەڵکو تەڕی و خزیی چیمەنی یاریگاکە بووەتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگیی جەستەیی و ڕووبەڕووی ئەو دۆخە قورسە بووەتەوە، هاوکات داوای لێبوردنی کرد و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ گابریێل بێکی ڕکابەری دەربڕی.

نەورۆز عوسمان

1 کاتژمێر پێش ئێستا