ئەڵمانیا داوای جامی جیهانیی 2038 یان 2042 دەکات
ئەڵمانیا هەوڵەکانی دەست پێ کردووە بۆ قایلکردنی فیفا بە میوانداریکردنی جامی جیهانیی 2038 یان 2042.
لەم بارەیەوە، ئاکسل هێلمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت و ئەندامی بۆردی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا بە تۆڕی «ئەتڵەتیک»ی ڕایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی خاوەنی ژێرخانی وەرزشیی ناوازە و بەهێزە بۆ ڕێکخستنی پاڵەوانێتییەکە.
هێلمان ئاماژەی بەوەش کردووە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی بێرند نوێندرۆف تاوتوێی ئەوە دەکات دۆسیەی خۆی بۆ ڕێکخستنی مۆندیالی 2042 یان 2038 پێشکەش بکات.

سەرەڕای ئەوەی یاساکانی فیفا ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی میوانداریکردنی هەمان کیشوەر لە ماوەی دوو خولدا نادەن، بەڵام هێلمان پێی وایە دابەشکردنی خولی 2030 بەسەر سێ کیشوەردا دەرفەتێک بە فیفا دەدات نەرمیی لە ڕاڤەکردنی یاساکاندا بنوێنێت.
لە لایەکی ترەوە، هێلمان ڕەخنەی توندی لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی بلیتی یارییەکانی جامی جیهانیی 2026 و تێچووی گواستنەوە گرت، هۆشداریشی دا لە کەمبوونەوەی ڕێژەی ئامادەبوونی جەماوەری لە ئەگەری بەرزتربوونەوەی نرخی بلیت و تێچووی گەشتی هاندەران، دۆخی هاندەرانی لە مۆندیالی 2026 بە دابڕانی کۆمەڵایەتی لە مۆندیال ناو برد.
2 کاتژمێر پێش ئێستا