یۆیفا دژی پلانەکانی فیفا دەوەستێتەوە
یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆیفا) ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ سەرجەم فیدراسیۆنە ناوخۆییەکانی ئەورووپا ڕێکدەخات، دوای ئەوەی جیانی ئینفانتینۆ ئاشکرای کرد کە بەنیازن لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی بازرگانییەوە بەشێک لە فیفا بفرۆشن.
یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا و فیدراسیۆنە ئەندامەکانی دەیانەوێت هەڵوێستێکی یەکگرتوو دژی ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆکی فیفا وەربگرن، دوای ئەوەی ڕایگەیاند کە پێشنیازیان کردووە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی بازرگانی و فرۆشتنی بەشێک لە مافەکانی فیفا بەو کۆمپانیا بازرگانییە. یۆیفا ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو وەڵامێکی توندی دایەوە؛ سەرەتا بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێکی توند دژی ئینفانتینۆ، پاشان بە ئامادەکاری بۆ بەرپەرچدانەوەی فیفا بە تەواوی وڵاتە ئەورووپییەکان.
بەگوێرەی تۆڕی «ڕادیۆ کۆنت کارلۆ»، فیدراسیۆنە ئەورووپییەکان ئەم هەفتەیە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆدەبنەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکەش وەرگرتنی هەڵوێستێکی هاوبەشە سەبارەت بەوەی لە ڕاگەیاندنەکاندا بە «فرۆشتنی جامی جیهانی» ناودەبرێت.
لە بەرامبەردا، فیفا جەخت دەکاتەوە کە ئەم پرۆژە زەبەلاحە بەبێ پشتیوانیی ئەندامەکانی سەرناگرێت، بۆیە بۆ ڕازیکردنی ئەو فیدراسیۆنانەی داهاتیان کەمترە، ئینفانتینۆ بەڵێنی بەخشینی بەشێک لە داهاتەکەی داوە و بەڵێنیشی داوە 20 ملیۆن دۆلار بۆ هەر فیدراسیۆنێک دەستەبەر بکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا