باج و گومرگ لەسەر سیستمەکانى وزەى خۆر هەڵدەگیرێت

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کار بۆ لێخۆشبوونی باج لە ئامێرەکانی سیستمی بەرهەمهێنانی وزە بە خۆر (سۆلار پانێڵ) دەکات
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کار بۆ لێخۆشبوونی باج لە ئامێرەکانی سیستمی بەرهەمهێنانی وزە بە خۆر (سۆلار پانێڵ) دەکات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشنیازەیاسای لێخۆشبوونی سیستمەکانی وزەی خۆری لە باج و گومرگ ڕەوانەی لیژنە تایبەتمەندەکان کرد بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و پەسەندکردنی، کە لێخۆشبوونی 100% بۆ كەرەستەكان و دابینکردنی قەرزی ئاسان بۆ هاووڵاتییان لەخۆدەگرێت تاوەکو بارگرانیی سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدەکان کەمبکرێتەوە.

ڕێژەی لێخۆشبوون لە باج و گومرگ

محەمەد هادی شەمەری، پەرلەمانتار لەبارەی ناوەڕۆکی پێشنیازەیاساکەوە ڕایگەیاند، پێشنیازەیاساکە لێخۆشبوونی 100% بۆ پەنێڵ، باتری و ئینڤێرتەر لەخۆدەگرێت، ئەمەش بە مەبەستی دابەزاندنی نرخەکانیان لە بازاڕدا.

دابینکردنی قەرز و کەمکردنەوەی بارگرانی

پێشنیازەکە بانکی ناوەندی و بانکەکان ڕادەسپێرێت بۆ پێدانی قەرزی ئاسان بە سوودی پاڵپشتیکراو یان بەبێ سوود و بە سیستمێکی قیستی گونجاو، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مۆلیدە ئەهلییەکان و تۆڕی کارەبای نیشتمانی، جگە لە کەمکردنەوەی تێچووی هاوردەکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.

زۆربوونی خواست لەسەر وزەی خۆر

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و وزە تاوەکو دێت خواست لەسەر بەکارهێنانی سیستمی وزەی خۆر لەلایەن هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە، سیستمەکە بە تیشکی خۆر کار دەکات کە سەرچاوەیەکی سروشتییە و هەموو ڕۆژێک خۆی نوێ دەکاتەوە، جیاواز لە نەوت و گاز، مەترسیی کەمبوونەوەی بڕەکەی نییە.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا