لە دیوانی پارێزگای دیالە فەرمانبەرێک لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکرا

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لە دیوانی پارێزگای دیالە فەرمانبەرێک لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکرا
لە دیوانی پارێزگای دیالە فەرمانبەرێک لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکرا

دەستەی دەستپاکی عێراق لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، فەرمانبەرێکی دیوانی پارێزگای دیالەی لە کاتی وەرگرتنی بڕی 5 هەزار دۆلار وەک بەرتیل دەستگیر کرد، کە لە بەرانبەر گۆڕینی ئەنجامی ڕاپۆرتێکی فەرمی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییەکدا، داوای بڕی 10 هەزار دۆلاری کردبوو.

بەڵێنی گۆڕینی ڕاپۆرتەکان لە بەرانبەر پارەدا

دەستەکە لەبارەی شێوازی وەرگرتنی بەرتیلەکە ڕایگەیاندووە، فەرمانبەرەکە بەڵێنی بەو هاووڵاتییە داوە کە بەرتیلی لێ وەرگرتووە، ئەنجامی ڕاپۆرت و ڕاسپاردەکانی ئەو لیژنەیەی سەرپەرشتی دەکات لە بەرژەوەندیی ئەو بێت.

بڕی بەرتیلەکە و ڕێکارە یاساییەکان

دەستەی دەستپاکی لەبارەی بڕی پارەکە و ڕێکارە یاساییەکان دەشڵێت، فەرمانبەرەکە لە کاتی وەرگرتنی 5 هەزار دۆلاردا دەستگیر کراوە و بڕیار بووە دواتر 5 هەزار دۆلاری دیکە وەربگرێت، ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و دەدرێتە دادگا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.

هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق

حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، هەڵمەتێکی فراوانی بە ناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و وەرگرتنی بەرتیل دەست پێ کردووە. حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە بنبڕکردنی گەندەڵی کارگێڕی و دارایی، یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت و پاراستنی سەقامگیریی ئابووری وڵات.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا