ئەمریکا هۆشداری بە سەربازەکانی دەدات و مۆبایل لە بەشێکیان وەردەگیرێتەوە

رۆزا حیسام 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)
لۆگۆی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)

فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کە سەرپەرشتیی چالاکییە سەربازییەکانی واشنتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، هۆشداریی داوە بە سەربازەکانی، کە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی خۆیان یاخود شوێنی مانەوەیان یارمەتیی ئێران دەدات بنکەکانی ئەمریکا بکاتە ئامانج، هەر بەو هۆیەوە بەمزووانە فەرمانێک دەردەکەن بۆ ئەوەی مۆبايل لە بەشێک لە کارمەندە جێگیرەکان وەربگیرێت.

دروستبوونی نیگەرانی لای سەربازەکان

ئەم پێشهاتە وەک سەرکوتکردن لێکدەدرێتەوە، نیگەرانی و دڵەڕاوکێی دروستکردووە، چونکە زۆرینەی ئەو سەربازانەی لە ناوچەکەدا بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمریکاوە ماوەیەکی زۆرە ماونەتەوە و نەیاەتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ لای خێزان و کەسوکاریان و تەنیا لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە هەواڵیان دەزانن.

داواکاریی فەرماندەیی سێنتکۆم بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا لە نامەیەکدا، داوای لە سەربازەکان کردووە سەرنجیان لەسەر ئاسایشی ئۆپراسیۆنەکان دوو هێندە بکەن.

سنووردارکردنی بڵاوکردنەوەی زانیارییە کەسییەکان

هۆشدارییەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، زۆر کات وێنەی مانگە دەستکردەکان و ئەکاونتە کەسییەکان هۆکاری زیادبوونی گرژییەکانن، هەر بۆیە ئەمریکا دەیەوێت بڵاوکردنەوەی هر زانیارییەکی کەسی سنووردار بکات کە هاوکاریی ئێران دەکات، لە هەوڵی کوشتن و بریندارکردنی سەربازەکانی ئەمریکا.

دەستبەسەرداگرتنی مۆبایل لە بنکەکانی ئوردن

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە لە دوو سەرچاوەوە وەریگرتووە، لە ئوردن کە زۆرجار بووەتە ئامانجی هێرشەکانی ئێران، بە بەشێک لە سەربازەکان گوتراوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بەسەر مۆبایلەکانیاندا دەگیرێت.

ڕوونکردنەوەی گوتەبێژی سێنتکۆم

کاپتن تیمۆسی هۆکینز، گوتەبێژی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا لەبارەی پەیامی هۆشدارییەکەوە دەڵێت، "پەیامەکە بیرخستنەوەیەکی گشتییە بۆ سەربازەکانمان سەبارەت بە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی ئۆپراسیۆنەکان و ئەولەویەتدان پێیان".

بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لە بنکەی ئوردن

لەم مانگەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، کە لە کاتی هێرشی ئێراندا بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی موەفەق سالتی لە ئوردن لە 17ـی تەمموزدا تۆمارکراوە و تێیدا هێزەکانی ناو بنکەکە ڕادەکەن و هەوڵی خۆشاردنەوە دەدەن لە پەناگەکاندا.

کاردانەوەی ئێران بەرامبەر ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان

براد کوپەر لە نامەکەیدا لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەوە ئاماژەی بەوە کردووە و دەڵێت، تێیدا دەرکەوتووە کە شوێنەکە کوێیە و بارودۆخیان چۆنە، هەروەها براد کوپەر لەبارەی هۆکاری قەدەغەکردنی فیدیۆکانەوە دەشڵێت "ئەگەر ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە نەبوونایە ئێران بە ئەستەم ئەنجامی سەرکەوتن یاخود شکستی هێرشەکانی دەزانی".

هەڵسەنگاندنی بێ بەرامبەری زیانەکان بۆ ئێران

براد کوپەر لەبارەی میدیاکانەوە گوتوویەتی، وردەکاری و وەسف و شیکارییەکانی ئەو شتانەی کە لێیان دراوە، کە بە ئاشکرا لەلایەن میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە، لە بنەڕەتدا بێ بەرامبەر هەڵسەنگاندنی زیانەکان بۆ ئێران دەکەن.

ئاماری کوژراو و بریندارەکانی ئەمریکا

هۆشدارییەکەی سێنتکۆم لەکاتێکدایە، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە 18 سەربازی ئەمریکی کوژراون و زیاتر لە 600 کەسیش برینداربوون.

مەترسیی بەرنامەکانی دیاریکردنی شوێن

بەرپرسانی ئەمریکا ساڵانێکە هۆشدارییان داوە کە هەندێک بەرنامەی ناو مۆبایلەکان، وەک بەرنامەکانی لەشجوانی، دەتوانرێت لەلایەن نەیارەکانی واشنتنەوە بقۆزرێتەوە بۆ بەئامانجگرتنیان ئەوەش بەهۆی دیاریکردنی شوێنەوە.

رۆزا حیسام

3 کاتژمێر پێش ئێستا