دواى حەوت ڕۆژ لە دیارنەمانى تەرمی گەنجەکەى گوندی کۆکس دۆزرایەوە
دواى حەوت ڕۆژ لە دیار نەمانى، ئەمڕۆ تەرمی گەنجەکەى گوندی کۆکس سنوورى ئیدارەى گەرمیان دۆزرایەوە، پۆلیسى گەرمیانیش دەڵێت: لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.
لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵەتەکەیدا دیارنەمابوو
توانا وەلی، شوانێکى 21 ساڵ دانیشتووی گوندی کۆکس، لە چوارشەممە 22ـی تەمموزەوە لە کاتی لە وەڕاندنی مەڕوماڵاتەکەیدا دیارنەما بوو.
لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە بەردەوامە
سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینى تیمەکانى پۆلیس، تەرمەکەی لە گوندی کۆکس دۆزرایەوە، ئێستا لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکار و وردەکارییەکانی ڕووداوەکە بەردەوامە.
شوێنەوارى ماتۆڕسکیلێک لە نزیک شوێنی مانەوەی دۆزراوەتەوە
پێشتریش زانا وەلی، برای گەنجەکە بە کەناڵ8ـى ڕایگەیاندبوو، شتومەکی شوانی و نانەکەی لەو شوێنە بەجێماوە کە لێی بووە، هەروەها شوێنەوارى ماتۆڕسکیلێک لە نزیک شوێنی مانەوەی دۆزراوەتەوە، بەڵام خۆی و مەڕەکانی لەوێ نەماون.
بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ خێزانەکەى چووبوونە گوندی کۆکس
توانا وەلی، خەڵکی کفری بوو بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ خێزانەکەى چووبوونە گوندی کۆکس، ساڵی ڕابردوو بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بەگوێرەى ماددەی 411 بۆ ماوەی 3 مانگ دەستگیرکرا و دواتر لەلایەن دادگاوە ئازاد کرا.
3 کاتژمێر پێش ئێستا