ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی: سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکا و سعودیە دەکەین
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەسەر هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و سعودیە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا و بڕیاریدا، پلانێکی تۆکمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی پێشێلکردنی سەروەریی وڵات دابنرێت و وەزارەتی دەرەوەش ڕاسپێردرا، لەسەر ئاستیی نێودەوڵەتی ڕێکاری یاسایی بگرێتەبەر.
گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی هێرشەکان
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی بەڕێوەچووە، سەرکۆنەی هێرشی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی کراوە و گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ئەو هێرشانە بەڕێوەچووە.
هێرشەکان لە کاتێکدا بووە حکومەت سەرقاڵی ئەو بابەتە بووە کە سعودیە و ئەمریکا وروژاندوویانە
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، ئەو هێرشە لەکاتێکدا بووە، حکومەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیدا بووە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو بابەتانەی سعودیە و ئەمریکا وروژاندوویانە سەبارەت بە هێرشکردنەسەر سعودیە.
دانانی پلانێکی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، بڕیاریداوە پلانێکی ئەمنیی تەواو دابنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر پێشێلکارییەکی سەروەریی عێراق و ڕێگەگرتن لەسەر ئەو هەڕەشانەی دەکرێنەسەر وڵاتانی دراوسێ.
جوڵەکردنی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە
سەباح نوعمان باسلەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاسپێردراوە، بەگوێرەى یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان جووڵە بکات بۆ دۆکیۆمێنتکردنی دۆخەکە و جێگیرکردنی مافی ڕەوای عێراق.
جەختکردنەوە لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کراوەتەوە، بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە کارێکی دووژمنکارانە، ئەنجامدەرەکەی هەرلایەنێک بێت و پاساوەکە هەرچییەک بێت. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە، کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە دۆخەدا، تەنیا لە بەرپرسیارێتیی حکومەت و دامەزراوە دەوڵەتییەکانە بەگوێرەى دەستوور.
بنیاتنانی سیاسەتی دەرەوە لە سەر بنەمای گفتوگۆ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، جەختی لە پابەندبوونی حکومەت بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە کردووەتەوە، لەگەڵ بەشداریکردنی چالاکانە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی و بونیادنانی سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای گفتوگۆ، هاوکاری و ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و بنەمای دراوسێتیی باش و پشتبەستن بە ئامرازی نێودەوڵەتی وەک ڕێگەچارەی چارەسەرکردنی ململانێکان.
ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەت لە یەکەم ڕۆژەکانی پێکهێنانییەوە، هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و دانانی چوارچێوەی کاری ئەمنی لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت.
ڕەتکردنەوەی هەموو هەوڵێکی تاکلایەنەی بێ پاساو
حکومەتی عێراق هەموو هەوڵێکی تاکلایەنانەی بێ پاساو ڕەتدەکاتەوە، کە لێکەوتەکانی تەنیا کاریگەری لەسەر سەروەریی نیشتمانی نابێت، بەڵکو هەوڵەکانی حکومەت پەکدەخات بۆ بەرقەرارکردنی پایەکانی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەرێمایەتی.
حکومەتی عێراق داوا لەسەرجەم لایەنەکان دەکات، تێوەنەگلێن لە هەر بابەتێک کە دۆخی ناسەقامگیری لە ناوچەکە و پلانەکانی جێبەجێکردنی یاسا، کە حکومەت لەکاتی وەرگرتنی ئەرکەکانی هەڵی بۆ دەدات لەبارببات.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات لە کۆتایی ئەیلولی 2026 و تەواوکردنی ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا