عەلى ڕەئووف: حکومەتى کاربەڕێکەر ڕاستگۆنەبوو لە بەڵێنى خۆی بۆ دابەشکردنى مووچە

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلى ڕەئوف، نوێنەرى گشتى مامۆستایانى گڕیبەست
عەلى ڕەئوف، نوێنەرى گشتى مامۆستایانى گڕیبەست

هەرچەند بڕیاربوولە ماوەى سێ ڕۆژدا مووچەى سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەرانى گرێبەست دابەشبکرێت بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکى زۆریان وەریان نەگرتووە.

تاوەکوو ئێستا بەشێکی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست مووچەیان وەرنەگرتووە

عەلى ڕەئوف، نوێنەرى گشتى مامۆستایانى گڕیبەست بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، هەر چەند بڕیاربوو لە ماوەى سێ ڕۆژدا مووچەى مامۆستا و فەرمانبەرانى گرێبەست دابەشبکرێت بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێکى مامۆستایان مووچەیان وەرنەگرتووە.

تەنیا لە بەشێکى پەروەردەکان مووچە دابەشکراوە

ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەتى کاربەڕێکەر و وەزارەتى دارایى و ئابوورى ڕاستگۆنەبوون لە بەڵێنى خۆیان بۆ دابەشکردنى مووچە چونکە تاوەکو ئێستا مامۆستایانى زانکۆ و پەیمانگاکان و فەرمانبەران مووچەیان وەرنەگرتووە و تەنیا لە بەشێکى پەروەردەکان مووچە دابەشکراوە.

ئەو پەروەردانەی هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە

ڕاشگەیاند، لە کاتێکدا مامۆستا و فەرمانبەرانى گڕیبەست دەچن بۆ مووچەکانیان پێیان دەڵێن پارەى کاش نیە پێیان بدرێت، بە گوتەى عەلى ڕەئوف، تاوەکو ئێستا پەروەردەی خەبات، پەروەردەی بنەسڵاوە هەولێر، پەروەردەی کەرکووک، پەروەردەی پشدەر، پەروەردەی شارباژێر و شنگال و پەروەردەی مێرگەسۆر مووچەیان وەرنەگرتووە.

ڕاگەیێنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دابەشکردنی مووچە

ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆژى 25ى تەمموزى 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی بۆ مامۆستایانی گرێبەست و ئەو فەرمانبەرانە دیاریکرد کە شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتی 26-07-2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت و لە ماوەى سێ ڕۆژدا سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەرانى گرێبەست مووچە وەردەگرن.

دابەشکردنی مووچە ئەو فەرمانبەرە گرێبەست و هەمیشەییانەش دەگرێتەوە کە لە دوای 01-07-2024ـەوە لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەت دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.

کۆی گشتی مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست

کۆی گشتی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە 86,791 کەسە، بۆ دابینکردنی مووچەی ئەم مانگەیان، بڕی 42,623,000,000 دینار لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.

دابەشکردنی مووچەی ئەم توێژانە لە کاتێکدایە کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، فەرمانبەرانی دیکە و خانەنشینان مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرگرتووە، بڕیاربوو بەم هەنگاوە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 6 بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران بەرەو کۆتایی بچێت.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا