لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان: حکومەت ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان بکات
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرکۆنەی هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر حەشدی شەعبی دەکات بە لێدان لە شکۆی دەوڵەت و دامەزراوەکانی ناوی دەبات، داواکارە حکومەت ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر و لەسەر ئاستیی نێودەوڵەتی ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە بگرێت.
بە نیگەرانییەوە چاودێرێکردنی هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی دەکەن
لیژنەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، بە نیگەرانییەوە چاودێریی هێرشی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممەی سەر بارەگاکانی حەشدیی شەعبی دەکەن لە پارێزگاکانی، بەغداد، واست، کەربەلا، نەجەف، بابل، دیوانیە، سەڵاحەدین، نەینەوا، کەرکوک و بەسرە، کە بووەتە هۆکاری کوژران و برینداربوون ژمارەیەک ئەندامی ئەو هێزە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
هێرشەکان بە ئامانگرتنی ڕاستەوخۆی دامەزراوەی فەرمیی عێراقە
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی بە تووندی سەرەکۆنەی هێرشەکە دەکات و بە پشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق ئاسایشی نیشتمانی ناوی دەبات و دەڵێت، ئەو هێرشە بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی دامەزراوەی ئەمنیی فەرمیی عێراقە، کە سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و لێدانە لە شکۆی دەوڵەت و دامەزراوەکانی.
داوای لێکۆڵینەوە گشتگیر بۆ هێرشەکان
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی عێراق داوا لە حکومەتی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکان و لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەکان دەکات، لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر بکەن، بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی ئەو دەستدرێژییە و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و ئاسمانەکانی و سزادانی ئەو لایەنانەی لەو هێرشە بەرپرسیارن.
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، داوادەکات لە ڕێگەی کەناڵە یاسایی و دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکانەوە، ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە پێشێلکارییانە بکەن و سەقامگیری و ئاسایشی عێراق بپارێزرێت.
لیژنەکە جەختلەوە دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە پیادەکردنی ڕۆڵی چاودێری و یاسادان و بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە، تاوەکو گرەنتی پاراستنی سەروەریی عێراق بکات، لەگەڵ پاراستنی دامەزراوە ئەمنییەکان و پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتییان و سەقامگیریی وڵات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا